سایلۆی چەمچەماڵ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەكات

بڕیارە سایلۆی چەمچەماڵ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكات‌و قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، سایلۆكە توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەیە‌و لە ئێستاشدا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

سایلۆی چەمچەماڵ لەسەرەتای ساڵی 2014 بەپێی گرێبەستێكی نێوان وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم‌و كۆمپانیای یارجانی توركی دەست بە دروستكردنی كرا‌و لە ئێستاشدا لەسەدا 100ی كارەكانی تەواوبووە، كە لە 16 خەزانی دانەوێڵە‌و 10 خەزانی خواردەمەنییەكانی وەك شەكر‌و برنج پێكهاتووە، تێچووی دروستكردنی سایلۆكە 24 ملیار‌و 500 ملیۆن دینارە‌و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەیە.

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵیش لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، كە ئەمڕۆ فەرمانبەرانی سایلۆكە دەست بەكاربوون‌و لەمیانی بەسەركردنەوەی سایلۆكەشدا (رەمك رەمەزان) قایمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاندووە، بەهۆی لەكاركەوتنی ئامێرەكانی سایلۆی پیرەمەگرونەوە داوا لە سایلۆی چەمچەماڵ كراوە كە گەنم لە جووتیاران وەربگرن‌و لەئێستاشدا لە هەوڵی وەرگتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران داین.