ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت ”لەئێستادا بەهۆی کێشەی حەواڵە کردنی پارەوە جوڵەی بازرگانی لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەوڵەکانی خستۆتەگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”.
ئەحمەد کەلاری، نوێنەری بازرگانانی گەرمیان و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ”لەئێستادا بازرگانانی گەرمیان داوایەکیان پیشکەشی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی کردوە سەبارەت بە کێشەو گرفتی حەواڵە کردنی پارە، لەهەرێمی کوردستاندا سیستەمی بانکی نیە، بۆیە بازرگانان ناچارن پارەکانیان لە ڕیگەی سەڕافیەوە بنێرنە دەرەوە بۆ نوێنەرە باوەڕ پێکراوەکانیان لە مەرزەکان، لە ڕیگەی ئەوانیشەوە دەخرێتە سەر حسابی خاوەن کارگەکان”.
نوێنەری بازرگانانی گەرمیان وتیشی ”دوو ساڵ لەموپێش وەزارەتی دارایی ئێران، بڕیاریدا باج نەخرێتە سەر ئەو پارەیەی لە ڕێگەی سەرافیەوە دەخرێتە سەر حسابی خاوەن کارگەکان بەڵام لەئێستادا لەو بڕیارە پەشیمان بۆتەوە، ئەڵێت لە ساڵی ٢٠١٢وە ئەو پارانە دەخەمڵێنرێت کە بۆ خاوەن کارگەکان نێردراوە بۆ ئەوەی باجی بخریتەسەر، بۆیە بازرگانانی کوردستان توشی کێشە بوون نوێنەرەکانیان بە ملیاران تمەنیان دێتە سەر کە توانایی دانەوەیان نیە”.
ئاماژەی بوەش کرد من وەک نوێنەری بازرگانانی گەرمیان لەگەڵ سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور قسەمان کرد و نوسراوم کرد بۆ پارێزگار و ژووری بازرگانی کرماشان و سەرجەم بەرپرسانی باڵای ئێران، ئاگادارم کردنەوە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت کەرتی بازرگانی و ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو لاواز دەبیت.
ئەحمەد کەلاری وتیشی ”وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە نوسراوی فەرمی داوایی لەسەرجەم ژوورە بازرگانیەکانی ئێران کردوە لە کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی و کەمبوونەوەی هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا بکۆڵنەوە، بەپێی لیکۆڵینەوەیەکی ژووری بازرگانی کرماشان لەسەدا ٢٧ جوڵەی بازرگانی بەراورد بە ساڵی پار کەمی کردوە، هۆکارەی سەرەکی کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانیش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە باج دەچێتە سەر پارەی حەواڵە”.
راشیگەیاند ”نوسراوەکەی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا بە کڵێشەیەک و چەند خاڵێکمان گەڵاڵە کرد و بەرچاو ڕونیمان دا بە حکومەتی ئێران و تێمان گەیاندوون بەهۆی نەبوونی سیتمی بانکی لە کوردستان لەلایەن نوسینگەکانی دراوەوە پارە دەنێرێت و ئەو پارانەش پارەی بازرگانانە بۆ خاوەن کارگەکانی ئێران دەنێرێت و تێمان گەیاندون ئەوە پارەی ڕەش نیە سپی بکرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد ژمارەیەک لە کارگە گەورەکانی وەک کارگەی چیمەنتۆ و پترۆکیمیایەکان و کارگە شیرەمەنیەکان ژمارە حسابیان لە دەرەوەی ئێران و عێراق هەیە لە دوبەی بازرگانانی کوردستان دەتوانن لە ڕیگەی ئەوانە پارە بنێرن، بەڵام ئەمە مامۆڵە کردن بە تمەن ناگرێتەوە ئێمە داوامان کردوە بازرگانانی کوردستان سەرپشک بکرێن کە بتوانن ژمارە حسابی لە بانکەکانی ئێران بکەنەوە هەم بە ریاڵ هەم بە دۆلار”.