نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دوای چەند رۆژ لە داكشان، بەرز بووەوە، دواى ئهوهى ئێوارەی ڕۆژی سێشەمى ڕابردوو گەیشتبووە نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.
ئهمڕۆ ههینى 20ى تهمووز، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت دۆلارێك و 31 سەنت لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێك نەوت بە 73 دۆلار و 20 سەنت دەفرۆشرێت. هەر ئەمڕۆ تا 74 دۆلاریش پێبینى دهكرێت هەڵكشێت.
بەگوێرەی ههواڵى سایتى “DAILYFX”، هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI بە هەمان رێژە هەڵكشا و ئێستە هەر بەرمیلێك لەم جۆرە نەوتەش بە 69 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرێت.
یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە 24 سەعاتی رابردوودا بۆ دابەزینی بڕی بەنزینی كۆگاكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە بڕی نەوتی كۆگاكراو لەم هەفتەیەدا بەرزبوونەوەی تۆمار كرد.
پێویستە بگوترێت پێشتر نرخی نەوت تا سەرووی 80 دۆلار بەرز ببووەوە، بەڵام رەوینەوەی نیگەرانییەكان لەبارەی هەناردەی نەوت و دەستپێكردنی بەندەرەكانی نەوتی لیبیا بۆ هەناردەكردنی نەوت، بەشێك بوون لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت. هاوكات فەرمانگەی وزەی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەو وڵاتە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ 143 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبیتەوە و دەگاتە حەوت ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە بە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە نەوتە هەژمار دەكرێت.
دوای ئەوەی ئەمەریكا بڕیاری دا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات، گرنگترین نیگەرانییەكانی بازاڕی نەوت كەمی بەرهەمهێنان بوو، بەڵام بەو هۆكارانە كە ئاماژەیان پێ كرا، ئەو نیگەرانییانە رەویونەتەوە بۆیە نرخی نەوت دابەزیوە.
نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.