کۆمپانیاكانی ژاپۆن خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران بە تەواوی رابگرن


ئەمڕۆ پێنجشەم رۆژنامەیەكی ژاپۆن ئاشكرای كرد كە كۆمپانیاكانی ژاپۆن خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی 100% هاوردەی نەوت لە ئێران بوەستێنن.

لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە كۆتایی بەسەرجەم گرێبەستەكانی كڕینی نەوت لە ئێران دێت و ژاپۆن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی وڵاتەكەی هانای بۆ وڵاتی تر بردووە.

هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات جێگرەوەی ئێرانن بۆ دابینكردنی نەوتی ژاپۆن. پێشتر ئەمەریكا هۆشداری دابووە كۆمپانیای “ئیدێ میتسۆ كۆسان”ی ژاپۆن ئەگەر تا چوارەمی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هاوردەی نەوت لە ئێران نەوەستێنێت، ئەوا تووشی سزای قورسی نێودەوڵەتی دەبێت.

بەگوێرەی “رادیۆ فەردا” هاوكات بانكەكانی ژاپۆنیش بەخۆ كەوتوون و رێنوێنیی نوێیان بە كۆمپانیاكان داوە و بەگوێرەی ئەو رێوشوێنە نوێیەی وەریان گرتووە ئەستەمە كۆمپانیاكانی ژاپۆن بتوانن هیچ جۆرە مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بكەن.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی لە رێككەوتنی ناوكیی وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێراندا كشایەوە و رای گەیاند، سزای زۆر قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و هەموو ئەو كۆمپانیایانەش سزا دەدات ئەگەر بیانەوێت درێژە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ژاپۆندا بدەن.