بابان حەمە سور: بەهەوڵی سەنتەری BIC چەند کارگەیەک بۆ جوتیارانی کوردستان دروست دەکرێت


ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت ”سەنتەری‌ زانیاری و گەشەپێدانی کار لە رێگەی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی جیهان توانیوێتی چەند پرۆژەیەک گەڵاڵە بکات کە لە ئێستادا کاری تێدا دەکرێت، پرۆژەکانیش بریتییە لە دروستکردنی چەند کارگەیەک بۆ جوتیارانی ناوچەکانی شارەزوور و گەرمیان و ئێدارەی راپەڕین کە لەسەر بودجەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە بۆ عێراقی تەرخان کردوە کارگەکان دروست دەکرێت”.

بابان حەمە سور، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کار و چالاکیەکانی سەنتەری زانیاری و گەشەپێدانی کار  ”BIC”ی لەم ساڵدا روونکردنەوە و رایگەیاند ”کاروچالاکیەکانی سەنتەرەکەمان لەناو ژووری بازرگانی و لە دەرەوەی ژوور بۆ خزمەتی بازرگانان و پیشەسازان و لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵاتیش ئەنجام دەدەرێت، لەناو ژووری بازرگانیدا لە ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی خولی بەهێزکردنین بۆ کارمەندانی ژوور بەمەبەستی پێشەکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر و خێراتر جێبەجێ کردنی کارەکانی هاوڵاتیان، لەدەرەوەی بینای ژووریش هەر بازرگان و پیشەسازێک پێویستی بە داتا و زانیاری هەبێت سەنتەرەکەمان دەستەبەری دەکات بۆی بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پرۆژەی بچوک و مامناوەند و گەورە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەردەوام هانی وەبەرهێنەرانی جیهان دەدات بێنە کوردستان و کار پرۆژە ئەنجام بدەن”.