ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی له‌ جامی جیهانی روویان له‌ رووسیا كردووه‌ 1،5 ملیار دۆلاریان خه‌رجكردووه‌

ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی به‌درێژایی جامی جیهانی فیفا 2018 روویان له‌ رووسیا كردووه‌ نزیكه‌ی 1،5 ملیار دۆلاریان له‌و وڵاته‌دا خه‌رجكردووه‌.

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن Sberbankی رووسیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی به‌درێژایی جامی جیهانی فیفا 2018 روویان له‌ رووسیا كردووه‌ نزیكه‌ی 1،5 ملیار دۆلاریان له‌و وڵاته‌دا خه‌رجكردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوودا له‌ میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفیدراسیۆنه‌كانی فیفای 2017دا له‌ رووسیا، ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌ نزیكه‌ی 700 ملیۆن دۆلاریان خه‌رجكردووه‌، به‌درێژایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ گه‌شتیاره‌ بیانیه‌كان زۆرترین سه‌ردانیان بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كانی مۆسكۆ بووه‌ له‌ شه‌قامی نیكۆلسكایا كه‌ داهاتی شوێنكاره‌كانی ئه‌وێ به‌راورد به‌ پێش پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ نزیكه‌ی سێ هێنده‌ و نیو زیادیكردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ چوار ملیۆن دۆلار.

له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا خه‌رجی بلیت و ئه‌و هۆتێلانه‌ی کە گه‌شتیاره‌ بیانیه‌كان لێیماونه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌.

پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی له‌ میانی به‌ڕێوه‌چوونی یاریه‌كانی جامی جیهانی فیفا 2018دا سه‌ردانی شاره‌كانی مۆسكۆ، سانت پیتەرسبورگ، سۆچی، یكاترینبورگ، سارانسك، رۆستۆڤ، قازان، كالینینگراد، سامارا، ڤۆڵگۆگراد و نیجنی نۆڤگۆرۆد-یان كردووه‌ كه‌ یاریه‌كانی تیادا ئه‌نجامدراوه‌ له‌سه‌دا 15 زیادیكردووه‌، ژماره‌ی گه‌شتیارانی ناوخۆش له‌سه‌دا 20 بۆ 25 زیادی كردووه‌.