لەسەرەتای مانگی حەوتەوە، عێراق ڕۆژانە زیاتر لەچوار ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردوە, ئەوەش بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو بەرزترین ئاستە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی بلومبێرگ, عێراق لە مانگی 9ی ساڵی 2016ەوە ڕێژەی هەناردەی نەوتی نەگەیشتوەتە چوار ملیۆن و 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
عێراق لە مانگی شەشدا بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەڵام تەنها 3 ملیۆن و 840 هەزار بەرمیلی فرۆشتوەو 650 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوتن و پێداویستی ناوخۆیی بەكارهێناوە.
گەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەوشێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە كۆتایی مانگی حەوتدا بڕی هەناردەی نەوت دەگاتە 4 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كە ئەوەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
مانگی رابردو، ئەندامانی ڕێكخراوی ئۆپیك ڕێكەوتن, هەناردەكردنی نەوت یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیاد بكەن, عێراقیش وەك دوەمین گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لەرێكخراوەكە پشكی ئەو زیادكردنەی بەردەكەوێت.