سلێمانی: بڕێكی زۆر بسكیتی دۆندرمه‌ له‌ناوده‌برێت

ئاسایشی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر بسكیتی دۆندرمه‌ی به‌سه‌رچوودا ده‌گرێت و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ له‌ناو ده‌برێت.

له‌لایه‌ن به‌شی ئابوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر 2 هه‌زار كارتۆن بسكیتی دۆندرمه‌ له‌جۆری (بابك)ی ئێرانی گیراوه‌ و ره‌وانه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت كراوه‌.

بسكیتی دۆندرمه‌كه‌ له‌ كۆگای كۆمپانیای نه‌كه‌رۆز ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ نوێكردنه‌وه‌ی به‌رواره‌كه‌ی ده‌ستكاری لیبڵه‌كانی كردوه‌ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی له‌ بازاره‌كانی شاری سلێمانی.

هه‌وره‌ها؛ له‌گه‌ڵ بسكیتی دۆندرمه‌كه‌دا، ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ (3) هه‌زار و (700) لیبڵی له‌زگه‌دا گیراوه‌ له‌گه‌ڵ مۆری نوێكردنه‌وه‌ی به‌روار.

به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی له‌ناو ده‌برێت و بۆ رێگری كردن له‌ دوباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌وكاره‌ش خاوه‌نه‌كه‌ی رێكاری پێویستی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.