‘لە24 سەعاتدا بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە زیانی ملیۆنێك دۆلار بەكەرتی بازرگانی عێراق گەیشتووە”

ژووری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق و پچڕانی ئینتەرنێتەوە لە زۆرێک لە پارێزگاکان لە ماوەی یەک ڕۆژدا زیانی ملیۆنێک دۆلار بە کەرتی بازرگانی عێراق گەیشتووە.

زیاد كەعبی ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ڕایگەیاندووە ”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بەردەوامی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان و ئاڵۆزییەكان ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ ئێران و كوەیت بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و زیانێكی زۆری بە كەرتی بازرگانی و دارایی عێراق گەیاندووە”.

ڕونیشیکردووەتەوە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی پچڕانی هێڵەكانی ئینتەرنێت زیانی زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار بە كەرتی بازرگانی عێراق گەیشتووە.

دەشڵێت، سەرجەم كۆمپانیاكان پابەند دەبن بە ڕێنماییەكانی حكومەت سەبارەت بە ڕاگرتنی كاروبارە ئەلیكترۆنییەكانیان بەڵام ڕاگرتنی ئینتەرنێت نەبووەتەهۆی كەمكردنەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەكانی خۆپیشاندانەكان.

هاوکات خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو و هەلی کار بەردەوامە و ئەمڕۆش پێی نایە نۆیەم ڕۆژ و خۆپیشاندەران داواى دابینکردنى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکەن بەتایبەتی کارەبا، و هێزە ئەمنییەکانیش بە چەک و گازى فرمێسکڕێژ وەڵامیاندەدەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەى چوار ڕۆژە هێڵەکانى ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێم بڕاون و هاوڵاتیان دەڵین، بەهۆی ترسی حکومەت لە خۆپیشاندانەکان ئینتەرنێت بڕاوە و حکومەتیش دەڵێت کێشە و پچڕان لە هێڵە سەرەکییەکانى ئینتەرنێت ڕوویداوە.