“قه‌باره‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ له‌ سه‌دا 10 بۆ 15 تێپه‌ڕناكات”

جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی نه‌وزاد غه‌فور كه‌ریم ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ قه‌باره‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ له‌ %10 بۆ %15 تێپه‌ڕ ناكات. 
جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی سنورداری قه‌باره‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌  گێڕایه‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك ئه‌وانیش گرانی كاڵای ئه‌وروپی به‌گشتی و كرێی گواستنه‌وه‌ و ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا پیاده‌ی ده‌كه‌ن له‌ پێدانی فیزا به‌ خاوه‌نكاره‌كان.  
نه‌وزاد غه‌فور ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ نه‌بوونی متمانه‌یه‌كی ته‌واو به‌ دانیشتوانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ووڵاتانی یه‌كێـی ئه‌وروپاوه‌ وایكردووه‌ هه‌روا به‌ ئاسانی فیزا نه‌درێت نه‌ك هه‌ربه‌ خه‌ڵكی ئاسایی  به‌ڵكو ڕۆتینیان بۆ خاوه‌نكاره‌كانیش دروستده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئه‌و متمانه‌یه‌شی گێرایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا به‌شێك له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ قاچاخ كۆچ ده‌كه‌ن یان له‌ كاتی گه‌شتنیان به‌ یه‌كێك له‌ ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای مافی په‌نابه‌رێـی ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش ئه‌وانیش ناچار ده‌بن كه‌ ڕێوشوێنی زۆر تایبه‌تی بگرنه‌ به‌ر له‌ كاتی به‌ڕێكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم بۆ وه‌رگرتنی فیزا. 
جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ووتی ” هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ به‌ نوێنه‌رانی ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بگه‌یه‌نین كه‌ سه‌ردانكردنی هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری ئه‌وانه‌ و ووتومانه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌فاله‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن . ئێمه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌مان داوه‌ و ئه‌وه‌مان پێوتوون كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ لای ژووری بازرگانی هه‌رێم پاڵێوراون و ودڵنیامان كردوون كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا ناكه‌ن.” 
سه‌باره‌ت به‌و ووڵاته‌ ئه‌وروپیانه‌ش كه‌ زۆرترین ئاسانكاری پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم بۆ وه‌رگرتنی فیزا ، نه‌وزاد غه‌فور ده‌ڵێت ” ووڵاتانی یه‌كێـی ئه‌وروپا تاڕاده‌یه‌ك یه‌ك سیسته‌می پێدانی فیزایان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش فیزای شنگنه‌ به‌ڵام ئه‌ڵمانیا زۆرترین ئاسانكاری ده‌كات بۆ پێدانی فیزا به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانی خاوه‌نكاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی و به‌ریتانیش له‌ ڕیزی دواوه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ست له‌ په‌یوه‌ندی بارزگانی هه‌رێم له‌گه‌ڵیدا چونكه‌ به‌ ووته‌ی ئه‌و رێوشوێنه‌كانی وه‌رگرتنی فیزای به‌ریتانی له‌ فیزای شنگن قورستره‌. 
سه‌باره‌ت به‌ ئاماری وه‌رگرتنی فیزای شنگن كه‌له‌لایه‌ن ژووری بازرگانی سلێمانیه‌وه‌ ئاسانكاری بۆكراوه‌ ، نه‌وزاد غه‌فور ده‌ڵێت ” له‌ ساڵی ڕابردوودا  501 مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی فیزا له‌ڕێگه‌ی ژووری بازرگانی سلێمانیه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاسایی و خاوه‌نكاره‌كان كراوه‌ .” 
به‌پێی زانیاریه‌كانی جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ، ئه‌و ئاماره‌ ته‌نها بۆ ئه‌و مامه‌ڵانانه‌یه‌ كه‌له‌ڕێگه‌ی ژووری بازرگانی سلێمانیه‌وه‌ رێكخراون و به‌شێكی زۆری خاوه‌نكاره‌كانیش به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژووری بازرگانی له‌پاش دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریكێكی ئه‌وروپی و  له‌ڕێگه‌ی بانگێشتنامه‌وه‌ سه‌ردانی ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپایان كردووه‌. 
جیاواز له‌ دیدی ووڵاتانی یه‌كێـی ئه‌وروپا كه‌ په‌نابه‌رانی كورد به‌ كۆچبه‌ری ئابووری وه‌سف ده‌كه‌ن ، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی پێی وایه‌ كه‌ هۆكاری كۆچی نایاسایی و داواكردنی مافی په‌نابه‌رێتی له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ گه‌نجانی كورده‌وه‌ كێشه‌ی ئابووری نیه‌ و ده‌ڵێت ” كۆچ ڕه‌غبه‌تێكی شه‌خسیه‌ و هه‌ندێك پێیان خۆشه‌ له‌ ئه‌وروپا بژین . كێشه‌كه‌ كه‌لتووریه‌ – به‌شێك له‌ گه‌نجان نایانه‌وێت په‌یوه‌ست بن به‌ به‌شێك له‌ دابونه‌ریتی كه‌لتوریه‌كان و ده‌یانه‌وێت له‌ ئه‌وروپا ئازاد بن له‌و به‌ربه‌سته‌ كه‌لتوریانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی سه‌رباری قورسی ژیانیان له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا”. 
سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی كوردیش كه‌به‌بێ‌ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا ژیانێكی سه‌خت به‌سه‌ر ده‌بن، نه‌وزاد غه‌فور ووتی ” ئه‌وه‌نده‌ی  ڕووناكی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌ی ئابووری له‌ داهاتوودا له‌ ئه‌وروپا نیه‌ بۆ ئێمه‌. ژیان لێره‌ ئاسانتره‌. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ئه‌وروپا به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن ئه‌وه‌نده‌ له‌ كوردستاندا بگه‌ڕێن ژیانیان زۆر زیاتر مسۆگه‌رتر ده‌كه‌ن. داوایان لێده‌كه‌م كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ هه‌رچۆنێك بێت فێری شتێك بوون كه‌له‌وانه‌یه‌ لێره‌ بوونی نه‌بێت ، ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وان بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌كی ئابووری بچوكی تایبه‌ت به‌ خۆیان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاری نوێ‌ بۆ خۆیان و خه‌ڵكانی تریش.”     
له‌ كۆتایی ووته‌كانیدا ، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی گه‌شبینی خۆی نیشاندا كه‌له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بتوانن به‌ئاسانی سه‌ردانی وڵاتانی ئه‌وروپا بكه‌ن و هه‌وڵی ژووره‌ بازرگانیه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و ڕووه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.