کۆمپانیای تێسلا بۆ به‌رهه‌مهێنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی، له‌ چین كارگه‌ ده‌كاته‌وه‌


كۆمپانیای تێسلای به‌رهه‌مهێنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی، یه‌كه‌م كارگه‌ی خۆی جگه‌ له‌ ئه‌مریكا، له‌ وڵاتی چین ده‌كاته‌وه‌.

تێسلا رایگه‌یاندووه‌، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ شاری شانگهای چین دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی، ده‌ست به‌ دروستكردنی كارگه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاندووه‌، دوای دوو بۆ سێ ساڵ له‌ كارگه‌كه‌یاندا ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنان ده‌یكه‌ن و له‌پلانیاندایه‌ ساڵانه‌ 500 هه‌زار ئوتومبێل دروستبكه‌ن.

به‌رپرسانی شانگهای رایانگه‌یاندووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری باڵای تێسلا، ئێلۆن موسك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی شانگهای، ینگ یۆنگ و به‌رپرسانی دیكه‌ی شاره‌كه‌دا، رێككه‌وتنی له‌باره‌ی بنیاتنانی كارگه‌كه‌وه‌ واژووكردووه‌.

راشگه‌یه‌نراوه‌، كارگه‌كه‌ گه‌وره‌ترین وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌بێت له‌ شاره‌كه‌دا.

تێسلا له‌ ساڵی 2014دا ده‌ستی به‌ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كردووه‌ له‌ بازاڕه‌كانی چین و رێژه‌ی سه‌دا 15 باجی گومرگ ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ر ئۆتۆمبێلێك كه‌ له‌ كالیفۆرنیاوه‌ هه‌نارده‌ی چین ده‌كرێت.

سه‌رباری ئه‌مه‌ش چین دوای ئه‌مریكا دووه‌م گه‌وره‌ترین بازاڕی کۆمپانیای تێسلایە.