کارگەی قارچکی پێنجوێن بەشی کوردستان قارچک بەرهەم دەهێنێت

له‌ سنوورى قه‌زاى پێنجوێن، تاكه‌ كارگه‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنانى قارچكى خۆماڵى هه‌یه‌، كه‌ رۆژانه‌ زیاتر لە یەک تۆن و نیو قارچک  ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌شێكى پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق خواستێكى زۆرى له‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگه‌كه‌ش ئاشكرای ده‌كات، به‌رهه‌مهێنانى رۆژانه‌یان باشه‌ و هه‌لى كاریشیان بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نج دابین كردووه‌.
 
 یوسف نامیق، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگه‌ى قارچكى خۆماڵیى پێنجوێن،  راگه‌یاند: “ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ بزانین له‌ سنوورى پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌، تاكه‌ كارگه‌ین كه‌ رۆژانه‌ بڕێكى زۆر قارچكى خۆماڵى ده‌خه‌ینه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن كڕیارانیشه‌وه‌ خواستێكى زۆرى له‌سه‌ر هه‌یه‌”.
 
یوسف نامیق، وتیشی “رۆژانە هەزار و 750 کیلۆگرام قارچک بەرھەمدەھێنین بە کوالێتییەکی باش و لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی، خۆشبەختانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، باجێکی گومرگی خستووەتە سەر بەرھەمی قارچکی ھاوردەکراو، ئەمەش ھاندەرێکی باشە بۆ زیاترکردنی بەرھەمھێنانی ناوخۆ”. 
 
ئەو خاوەن کارگەیە نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ ئێستا سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن شوێنه‌كه‌یان فراوان بكه‌ن و پڕۆژه‌كه‌ گه‌وره‌تر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هاوكاریش بكرێن، ئه‌وا ده‌توانن رۆژانه‌ نزیكه‌ى شه‌ش ته‌ن بۆ بازاڕه‌كان دابین بكه‌ن.
سەروەر کازم، سەرپەرشتیاری بەرھەمھێنان لە کارگەکە دەڵێ “ئەو شتەی قارچکی لەسەر دروست دەکەین، کۆمبۆست و تۆوی قارچکە لەگەڵ خۆڵدا، ئەو سێ شتە ئێمە کاری لەسەر دەکەین و بەچەند قۆناخێک تاوەکو رۆژی بیستەم، لەرۆژی بیستەمدا ھەوای ئازادی پێدەدەین، لەرۆژی 30 بۆ 35 قارچک دروست دەبێت، ئیدی لەو کاتەدا قارچکێکی سرووشتی و تەندروست دەخەینە بازاڕەوە”.

کردنەوەی ئەو کارگەیە لە پێنجوێن پەیوەندی بە گونجاوی خاکەکەی و کەشوھەوای ناوچەکەوە ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی قارچک، ئەوەش وایکردووە ساڵانە قارچکی زیاتر بەرھەمبھێنن.

یادگار عومەر، کرێکاری کێڵگەکە دەڵێ “رۆژانە دێینە ناو ھۆڵەکان و ئەو قارچکانەی دەمانەوێت دەیانچنین، ھەموو قوڕ و پیسییەکی لێدەکەینەوە و بەشێوازێکی تەندروست دەیکەینە ناو قاپەکانەوە بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ خواردن”.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتووکاڵ، باجی خستووەتە سەر بەرھەمی ھاوردەکراو، بەلای جووتیار و خاوەنکارانەوە، ئەوە پاڵپشتیێکی باشە بۆ ھاندان و زۆرتربوونی بەرھەمی نێوخۆیی و پێشخستنی کەرتی کشتووکاڵ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێنج پرۆژەی بەرھەمھێنانی قارچک مۆڵەتی فەرمییان ھەیە، ساڵانە سێ ھەزار و 148 تۆن قارچک بەرھەمدەھێنن.