مه‌ترسییه‌كانى سیستمى سه‌رۆكایه‌تى به‌هاى لیره‌ى توركى بۆ نزمترین ئاست دابەزاند

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ بازاڕه‌كانى ئاسیادا، به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زینى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و دۆلارێك به‌ 4.9767 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆى زیادبوونى مه‌ترسییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ ئیداره‌ى وڵات و سیاسه‌ته‌ نه‌ختینه‌ییه‌كانى سیستمى سه‌رۆكایه‌تى نوێ. 

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ لیره‌ى توركى به‌رێژه‌ى 22% به‌رامبه‌ر دۆلار به‌هاى له‌ده‌ستداوه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانى توركیاش هه‌ست به‌مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ نه‌ختینه‌ییه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و بانگه‌شه‌ى به‌رده‌وامى بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و دابه‌زاندنى نرخى سووه‌كان. 

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رۆژنامه‌ى حورییه‌ت لێدوانێكى ئه‌ردۆغانى بڵاوكردووەته‌وه‌ كه‌ دواى گه‌شتێكى ده‌ره‌كى بۆ رۆژنامه‌نوسان تیایدا ده‌ڵێت “ئامرازى زۆرمان له‌به‌رده‌ستدایه‌، له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى سووه‌كان ده‌بینین”. 

بڕیاره‌ رۆژى 24ى ته‌مموز، لیژنه‌ى سیاسه‌تى دارایی له‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا كۆببێته‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر نرخى سووه‌كان، دواى ئه‌وه‌ى له‌ مانگى نیسانى رابردوودا وه‌ك هه‌وڵێك بۆ پاڵپشتى دراوه‌كه‌یان به‌بڕى 500 خاڵى بنه‌ما به‌هاى سوه‌كان به‌رزكرایه‌وه‌.