ئەمریكا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەگەیەنێتە 12 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەو دەبێتە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی مانگانەی ئیدارەی زانیاریەكانی وزەی ئەمریكا، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك لەساڵی 2017دا بەڕێژەی لەسەدا 5 پۆینت 6 زیادیكردووەو پێشبینیش دەكرێت ئەمساڵدا ئەو ڕێژەیە بگاتە لەسەدا 15 پۆینت 4، ئەگەر ئەو پێشبینیەش ڕاست دەرچێت ئەوا ئەمریكا شوێنی ڕوسیا دەگرێتەوەو دەبێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا.
لەو بارەیەوە لیندا كابوانۆ بەڕێوەبەری ئیدارەی زانیاریەكانی وزە ڕایگەیاندوە: ئەمریكا لەئێستادا ڕۆژانە 10 ملیۆنو 910 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێتو لەچارەكی كۆتایی ئەمساڵیشدا بۆ 11 ملیۆنو 290 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەكات، هەروەك پێشبینی كردووە كە لەكۆتایی ساڵی 2019دا بۆ یەكەمجار قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا بگاتە 12 ملیۆنو 20 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوت زیادیكردووە، بەڵام بەشی پێداویستیەكانی ناوخۆی ئەمریكا ناكاتو خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت تاكۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 20 ملیۆنو 350 هەزار بەرمیلی رۆژانەو لەساڵی 2019شدا دەگاتە 20 ملیۆنو 680 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا.