سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات: پڕۆسەی وردبینیكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووەو حكومەتی عیراقیش پابەندە بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.
حەدیسی ڕاشیگەیاندوە: لیژنە تایبەتمەندەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی هەموو كارەكانیان تەواوكردوەو وردبینیان بۆ لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێم كردووە، بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشەوە.
سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدیكردۆتەوە: حكومەتی فیدراڵی پەیوەستە بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی، كە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەینێرێت بەشێوەیەكی ڕێكخراو و بەردەوام، كە لەمانگی ئاداری 2018وە دەستیپێكردووە.
هاوكات بەوتەی ڕێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، پێشتر بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی سیستمی پاشەكەوت مانگانە پێویستیان بە 588 ملیار دینار بوو، بەڵام بەم سیستمەی ئێستا مانگانە پێویستیان بە 720 ملیار دینارە، بۆ ئەمەش مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 375 ملیار دینارو بەغدا 317 ملیار دینار دەنێرێتو ئەمریكاش مانگانە 25 ملیار دینار دەداتە هەرێم بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.