فەرمانبەران دەتوانن پارەی پاشەکەوتی مووچە بۆ ئەم بوارانە بەکار بهێنن


به‌رپرسێك لە وەزارەتی دارایی هه‌رێم ئاشكرای ده‌كات، “فەرمانبەران دەتوانن سوود لە پاشەکەوتی مووچەکانیان وەربگرن”.

مستەفا سەعید خەلیل، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان، سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم ئاماژه‌ به‌چۆنیەتیی سیستەمی ئەلیکترۆنیی بانکە حکوومییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە لەڕێگەی حیسابی بانکییەوە مووچە پاشەکەوتکراوەکان دەدرێتەوە فەرمانبەران.

وتیشی: سیستەمێکی تازە بۆ بانکە حکوومییەکان دادەنێن، “ئەو بانکانەی ئیشوکاریان زۆرە، ھەڵیان دەبژێرین و ئەوان دەکەینە سیستەمی ئەلیکترۆنی و ئیشکردن لەڕێگەی دەستی نامێنێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی، کارەکان شەفافتر و خێراتر دەبن و ئاسانکاریی زیاتر بۆ خەڵک دەبێت، بۆ ئەوەش دەبێ ئەنجومەنی وەزیران ھاوکاریمان بکات”.

مستەفا سەعید خەلیل له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی روونیشیكردەوە، بانکێکی حکوومی ئێستا بەتەواوی بە ئەلیکترۆنی کراوە و سێ بانکی تریش لەنێو بەرنامەدان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بانکە ئەھلییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی کار دەکەن، فیزەکارتیان ھەیە، بچنە ھەر شار و مۆڵ و شوێنێک دەتوانن بە کارت پارە ڕابکێشن، بەڵام لە کوردستان ٨٨ بانکی حکوومی ھەیە، لەبەر ئەوە کارێکی قورسە پێکەوە ببەستینەوە، بۆیە دەبێت ژمارەی بانکەکان کەم بکرێنەوە”.

جەختیشیكردەوە، لە دوو ساڵی داھاتوودا خەڵک و کۆمپانیا و سەرمایەدارانی بیانی و ناوخۆیی لەدەرەوەش دەتوانن سوود لە بە ئەلیکترۆنیکردنی بانکە حکوومییەکان وەربگرن.

وتیشی: “ئەگەر یەکێک لە سلێمانی بێـت و ھەولێر پێویستی بە پارە بێت، دەتوانێت پارەکەی رابکێشێت، کۆمپانیایەکی بیانیش بۆ خزمەتگوزارییەکانی بانک دەتوانێت سوودمەند بێت”.

ئەو پێی وایە، بانکی ئەلکترۆنی بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان سوودی زۆری دەبێت: “لەڕووی زووتر ڕاییکردنی ئیشی بانکەکان، کات و ئابووری و ئاسایشەوە سوودی دەبێت، ئەوکات ھاووڵاتییان بۆ ناوخۆی ھەرێم پێویستیان بە ھەڵگرتنی پارەی کاش نابێت، دەتوانن لەڕێگەی حساب بانکیی خۆیان پارە لە بانک ڕابکێشن، ھەروەھا چەندین خزمەتگوزاریی بانکی ئەلکترۆنی ھەیە، خەڵک دەتوانن بازاڕ دروست بکەن و بە کارتی ئەلکترۆنی کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە، یان لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە پارەی ئاو و کارەبا بدەن، بۆ حکوومەتیش شەفافتر دەبێت، لە کاتی دابەشکردنی مووچە بە کەمترین ماوە لە ڕێگەی چەکی بانک مووچە دابەش دەکرێت”.

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، خەڵک ڕەسیدی بانکی دروست دەکەن، ھەموو پارەکانیان لە بانکدا ناھێننە دەرەوە، لەو کاتەدا پارەکە بۆ حکوومەت دەمێنێتەوە، تاکوو کاری لەسەر بکات، یەک ملیۆن مووچەخۆر ھەیە، ئەگەر حکوومەت لەبەرامبەر پێدانی کارتی بانک بۆ ھەر کەسێک مانگانە بڕی ھەزار دینار وەربگرێت، ھەموو مانگێک یەک ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت، کاتێک کۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵات سەردانی ھەرێم دەکەن، زیاتر متمانەیان بە بانکی حکوومەت دەبێت.

بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان، سەبارەت بەوەی چۆن پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە سیستەمی بانکی رەچاو دەکرێت، وتی: “کاتێک پاشەکەوت وەکوو رەقەم دەچێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران و مووچەخۆران، دڵنیاییەکی زۆر دەبێت بۆیان، ھەروەھا فەرمانبەران دەتوانن بە یەکجار مووچەکانیان رانەکێشن، بەڵکوو دەتوانن رۆژانە یان بۆ پێویست پارەکانیان رابکێشن، ئەوەش لە زۆر وڵاتدا ھەیە، بۆ پارەی ئاو و کارەبا و کرێ و رسوومات و باجەکانی تری حکوومەت، فەرمانبەران دەتوانن لەداھاتوودا سوود لە بانکەکان وەربگرن و پاشەکەوتیان بەکار بھێنن، بەو مەرجەی حکوومەت بڕیاری پێ دەربکات، ئێمەش لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە”.

مستەفا سەعید، باسی لەوە کرد کاتێک پاشەکەوتی مووچە دەچێتە سەر ژمارە حیسابی بانکی، ئەوە متمانەی نێوان ھاووڵاتی و حکوومەت دەگەڕێتەوە، هه‌روه‌ها “بڕیارە لەداھاتوویەکی نزیکدا حیساب بانکی بۆ ھەموو فەرمانبەران بکرێتەوە، بەشێک لە فەرمانبەران مووچەکانیان لە بانک دەدرێت و حیسابیان ھەیە، بۆیە ناکرێت ھیچ فەرمانبەرێک بەبێ حیساب بانکی بێت”.

وتیشی: لە ڕووی تەکنیکییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت پارێزەری بانکەکانی بێت، “تەکنەلۆژیای کوردستان ھەمووی لەدەرەوەی وڵاتەوە بۆمان ھاتووە، مەسەلەی ھاککردنیش مایەی مەترسیی نییە، چونکە دەتوانین لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەت بەو بوارە سکوریتی باش بۆ سیستمی بانکی ئەلکترۆنی دروست بکرێت، پارە و خەڵکی باش و بەتوانامان ھەیە، لەو ئاستەداین و دەتوانین لە دەوڵەتانی دراوسێمان پێشکەوتووتر بین، بەڵام ھەنگاو بە ھەنگاو کاری بۆ بکەین، ئەگەر لە ڕووی ماددی و مەعنەوی پشتگیریمان لێ بکرێت، دەتوانین بە شەش مانگ سیستمی ئەلکترۆنیی بانک لە کوردستان دابمەزرێنین”.