كارگەی رۆنی زەیتی عەربەت تاوەكو ساڵی 1999 كارگەی دروستكردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بوو و، دوای 20 ساڵ رۆنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەی بەرهەمهێنایەوە و ئێستاش بەرهەمەکەی خستووەتە بازاڕەکانەوە.
ماوەی 20 ساڵ بوو کارگەکە لەكاركەوتبوو، بەڵام ئێستا لەرێگەی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە نۆژەنكراوەتەوە و، زەیتی گوڵەبەڕۆژە بەرهەمدەهێنێت.
ئاكۆ غەریب، خاوەنی كارگەی زەیتی عەربەت دەڵێ “لە ماوەی هەشت مانگدا كارگەكەمان بەگەڕخستەوە. ئێستا زەیت بەرهەمدێنین و، لە رۆژێكدا سێ هەزار بوتڵ رۆن بەرهەمدەهێنین. دەتوانین گوڵەبەڕۆژە لە جووتیاران وەربگرین و سوودیش بە خەڵكی ناوچەكە بگەیەنین”.
كارگەكە لە یەك كاژێردا سێ هەزار لیتر رۆن بەرهەمدەهێنێت. دەتوانێت جگە لە پێداویستی نێوخۆیی، زەیت هەناردەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش بكات.
عەلی محەممەد، جووتیارە و دڵخۆشە بە کردنەوەی کارگەکە، دەڵێ “ئەو كارگەیە بۆ ئێمەی جووتیار سوودی زۆر دەبێت. دەتوانین گوڵەبەڕۆژە بچێنین، دواتر بیدەینە كارگەكە، بۆیە ئێمە دڵخۆشین بەو كارگەیە”.
ئەنوەر عەزیز، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێ “ئێمە وەكو خەڵكی عەربەت دڵخۆشین بە كردنەوەی ئەو كارگەیە، لە دوو رووەوە لێی سوودمەند دەبین: هەم هەلی كار زیاد دەكات، هەم سوودیش بە جووتیاران دەگەیەنێت بۆ ئەوەی گوڵەبەڕۆژە بكەن و بەرهەمەكەیان بەو كارگەیە بفرۆشن”.
تاوەكو ئەو كاتەی كارگەكە کراوەبوو، جووتیارانی شارەزوور ساڵانە بڕێكی زۆر گوڵەبەڕۆژەیان لە زەوییەكانیاندا دەچاند، بەڵام داخستنی كارگەكە، بەتەواوی بازاڕی لەبەردەم بەرهەمەكانیان تەسك كردەوە، بۆیە ئێستا هیوایەكی دیكەیان بۆ پەیدا بووە، تاوەكو رۆژگاری زێڕینی گوڵەبەڕۆژە لە شارەزوور بگەڕێتەوە.