وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی رایدەگەیەنێت: واشنتۆن پابەندە بە گواستنەوەی دەریایی لەگەروی هۆرمۆز لە کەنداوی عەرەبی بۆ سەرتانسەری جیهان.
مایک پەمپەئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ”ئێران هەڕەشەیە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە سیاسەتی واشنتۆن بە ئارەستەی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم هەڕەشانەیە”.
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ڕایگەیاند گەر بەر بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بگیردرێت، نەوتی جیهانیش ڕادەگیردرێت. چاودێڕانی سیاسی ئاماژەیان کرد کە مەبەستی ڕۆحانی داخستنی گەروی هۆرمۆز بووە. هەر لەمبارەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتۆن پابەندە بە گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداوی عەرەبی بۆ سەرتانسەری جیهان”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووبارەی کردەوە کە گەماڕۆ نەوتییەکانی ئێران لە ٤ی نۆڤامبرەوە جێبەجێ دەکرێت و کڕینی نەوت لە ئێران پێشێل کردنی یاساکانی واشنتۆنە. ئێران دەبێت بزانێت تاکوو نەبێتە وڵاتێکی ئاسایی دۆخی ئابووریی چاک نابێتەوە.
وتیشی: بەرجام دەبووە هۆی ئەوەی ئێران دەستی بە بۆمبی ناوەکی بگات. ئەمریکا و ئەورووپاییەکان لە دوای گەڵاڵەیەکی نوێن تاکوو پلانی ناوەکی ئێران ڕابگرن.