وەزارەتی پیشەسازی ئێران رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بەرێژەی لەسەدا 9 پۆینت 4 زیادیكردووە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانیو كانگاكانی ئێران، لەماوەی 3 مانگی یەكەمی ساڵی نوێی هەتاویەوە كە لە 21ی ئادارەوە دەستیپێكردووە، زیاتر لە 336 هەزار 699 ئۆتۆمبێل لەوڵاتەكەی بەرهەمهێنراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەهەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 307 هەزارو 666 ئۆتۆمبێل بەرهەمهێنراوە، بەو شێوەیەش بەرێژەی لەسەدا 9 پۆینت 4 بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل زیادیكردووە.
ئامارەكە ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، لە ساڵی 2017دا ملیۆنێكو 535 هەزارو 778 ئۆتۆمبێل لەئێران بەرهەمهێنراوەو بەراورد بەساڵی 2016 كە ملێۆنێكو 350 هەزارو 377 ئۆتۆمبێل بووە بەرێژەی لەسەدا 13 پۆینت 7 گەشەیكردووە.