لەژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی چوار نوسینگەی ئەندازیاریی نەخشە بۆ دروستکردنی بینای ژووری بازرگانیو پیشەسازی بەدیزاینێکی نوێ نمایش دەکەن، سەرۆکی ژوور دەڵێت “دەمانەوێ بینایەکی نوێ دروستبکەین بۆ بازرگانانو پیشەسازانی سلێمانی کە سیمایەکی جوانو سەرنجڕاکێش بەشارەکەمان ببەخشێت”.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە ٩/٧، بەئامادەبونی سەرۆکو ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازیو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانیو ژمارەیەک بازرگانو کەسایەتیو ئەکادیمی، لەژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی چوار نوسینگەی ئەندازیاریی نەخشەی خۆیان بۆ دروستکردنی بینای ژووری بازرگانیو پیشەسازی بەدیزاینێکی نوێ نمایش کرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەمبارەوە رایگەیاند ”پاش ئەنجامدانی چەند کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بیرۆکەی دروستکردنی بینایەکی تازەمان بۆ ژوور تاوتوێکردو گەیشتین بەو ئەنجامەی بینایەکی نوێ دروستبکەین بۆ بازرگانانو پیشەسازانی سلێمانی کە سیمایەکی جوانو سەرنجڕاکێش بەشارەکەمان ببەخشێت”.
راشیگەیاند ”ئەمڕۆ کۆمەڵێک ئەندازیاری شارەزاو بە ئەزمونو مامۆستای زانکۆو بازرگانی شاری سلێمانیمان بانگهێشت کرد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئەوەی کام نەخشەیە گونجاوەو جوانترین دیمەن بەشارەکەمان دەبەخشێت و لەگەڵ پێوەرە جیهانیەکاندا گونجاوە”.
د. ئالان فەریدون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە یەکێک لەئامادەبوان بەسایتی بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند ”ئەو بیانەیەی بڕیارە دروست بکرێت دەبێتە مۆرک و پێناسەو شوناسی شاری سلێمانی، ژووری بازرگانیو پیشەسازی دەبێت بەردەوام پەیوەندی هەبێت بەقۆناغەکانی پێشکەوتنی شارەکە، لای هەموانیش ئاشکرایە شاری سلێمانی یەکێکە لەشارە گەورەو پێشکەوتوەکانی عێراق لەرووی بازرگانی و پیشەسازیەوە، شاری رۆشنبیریشە دەبێت هەموو ئەم تایبەتمەندیانە لەهەموو دامودەزگاکانی شارەکەدا رەنگ بداتەوە کە ژووری بازرگانیش یەکێکە لەو دەزگایانە”.
د. ئالان راشیگەیاند ”زۆر سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەین کە دەیانەوێت لەڕێگەی دروستکردنی ئەم بینایەوە بەدیزاینێکی نوێو سەرنجڕاکێش خزمەتی شارەکەمان بکەن و سیمای شار جوانتر بکەن”.
هەروەها زاهیری کەریمە ڕەش، خاوەن کاری ناوداری کوردستان رایگەیاند ”ئەمرۆ چوار نوسینگەی ئەندازیاریی سەرکەوتوو نەخشەو دیزانەکانیان بۆ دروستکردنی بینای ژووری بازرگانی نمایش کرد، لەشوێنێکی جوانی شاری سلێمانیدا جێبەجێ دەکرێت کە نزیک پردی کۆبانییە، هەم ناوەکەی و هەم پرۆژەکەش مایەی شانازییە بۆ خەڵکی شارەکەمان و یەکێکە لەپرۆژە سەرکەوتووەکانی شاری سلێمانی، ئەم بینایەش دەبێتە تەواوکەری ئەو پرۆژەیە”.
راشیگەیاند ”ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پەیوەندییەکی چڕو پڕی هەیە لەگەڵ بازرگانان لەسەرجەم وڵاتانی جیهانو شاندە بازرگانیەکان سەردانی دەکەن، دەبێت لەڕێگەی ئەم ژوورەوە سیمایەکی جوانی شارەکەمان پیشانی جیهانی دەرەوە بدەین”.