دیبلۆماتكارێكی كورد بە فەرمی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كاندید دەكرێت

دیبلۆماتكارێكی كورد بە فەرمی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كاندید دەكرێت و دەبێتە یەكێك لەو كەسانەی كە بە فەرمی ناوی لە ریزبەندی ساڵی 2019 هاتوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ .

 شێخ عمر بەرزنجی ، باڵیۆزی كۆماری عێراق له فاتیكان ، ئەو دیبلۆماتكارە كوردەیە كە بەفەرمی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كاندیدكراوە .  

‎ لەو بارەیەوە  ڕۆژنامەی شەرقی عێراقی بڵاوی كردۆتەوە كە ،  شێخ عمر بەرزنجی باڵیۆزی كۆماری عێراق له فاتیكان  ،لایەن دادگای نێودەوڵەتی بۆ چاككردنی ناكۆكییه جیهانیەكان كاندید كراوه بۆ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی كه بەرزترین و ناسراوترین خەڵاتی جیهانە.

خەڵاتی نۆبڵ چیە ؟

خەڵاتی نۆبڵ بەناوبانگترین ‌و بەبەهاترین خەڵاتە لە جیهانداڵ كە بەناوی ‌داهێنەرەكەی ئەلفرێد نۆبل ناونراوە.ئەم خەڵاتە نرخێكی مادی و مەعنەوی و مێژوویی خۆی هەیە و ساڵانە لە لایەن لێژنەیەكی پسپۆری سویدی ـ نەرویجی دابەش دەكرێت، كە پێك هاتوون لە كەسانی ڕۆشنبیر و ئاكادیمی. خەڵاتەكە لە سەر وەسیەتی نۆبڵ پێشنیار كراوە، ئەویش بە بەكارخستنی سەرمایەیەكی زۆر لە پڕۆژەی بەرهەمهێندا كه ‌قازانجەكەی ساڵانە بدرێت بەو كەسانەی كە لە پێنج بواردا داهێنانی نوێ بۆخزمەتی ‌مرۆڤایەتی ‌پێشكەش ‌دەكەن ‌وەك ‌بوارەكانی‌: ئاشتی، كیمیا، فیزیا،پزیشكی، ئەدەب، ئەم خەڵاتەش بەبێ جیاوازی وڵات و ڕەگەز دەدرێت.
ئەم خەڵاته ‌بریتیە لە میدالیایەكی ‌زێڕو بڕوانامەی ڕێزلێنان و بڕێك ‌پارە.    
ئەلفرێد نۆبڵ ئەندازیارو كیمیازانی سویدی لە 21/10/1833 لەستۆكهۆڵم لەدایك بووە،  لەحەڤده ‌ساڵاندا زمانەكانی سویدی، ڕوسی، فڕەنسی،ئینگلیزی، ئەڵمانی دەزانی، زۆرتر خولیا و ئارەزووی لە ئەدەبی ئینگلیزی بوو،توانای شیعر نووسینی هەبوو، بەڵام باوكی حەزی دەكرد كوڕەكەشی وەك خۆی ببێ بە ئەندازیار. هەر بۆیە بە مەبەستی خوێندن‌ جگە لە سوید ناردی بۆوڵاتانی ئەڵمانیا و فڕەنسا و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەلفرێد لەم گەشتەیدا توانی لە بواری كیمیا و ئەندازیاریی بخوێنێ و باش خۆی پێبگەیەنێت.


لە ساڵی 1866 ئەلفرێد توانی سەر‌كەوتنی با‌ش بەدەست بێهنێت و داهێنانی دینامێت ڕابگەیەنێت. داهێنانەكەی دانی پێدانراوڕێگەی كاركردنی پێدرا، ئەلفرێد زیاتر لە بیست وڵات كارگەی دروستكردنی دینامێتی دانا. كۆمپانیاكانی دروستكردنی بینا و تونێل و ڕێگا و هێزی سەربازی سوودیان لێ بینی. بەكارهێنانی دینامیت بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە‌، و توانی زۆرترین سەروەت وسامان كۆبكاتەوەو ببێت بە یەكێك لە دەو‌ڵەمەندەكانی جیهان.
ئەلفرێد كەوتە بەر هێرش و ڕەخنەی توندی ڕۆژنامەنووسان بە داهێنەری مردن ناودەبرا، دەیانوت ناوبانگ و سامانەكەی بەتەقەمەنی پەیداكردووه،‌ كه ‌بۆ شەڕ و ماڵ وێرانكردن و مەرگی مرۆڤ بەكاردێت. ئەم نووسین و ڕەخنانە ئەلفرێدیان دڵتەنگ كرد چونكە ئەو ئەم داهێنانەی بۆخزمەتكردنی مرۆڤ لە بوارەكانی دروستكردنی ڕێگاوبان و تونێل و كارئاسانی بۆدابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و خۆشی مرۆڤ داهێنابوو، كەچی بینی بۆ لەناوبردنی مرۆڤ لە شەڕگەكان بەكاردێت و خراپ بەسەریدا شكاوەتەوە، بۆیە بڕیاریدا بەتەرخانكردنی بڕێكی‌ زۆر لەو سامانەی بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ. بەپێی ئەووەسیەتنامەیەی كە لە پاریس لە سالی 1895 نووسیویەتی، بڕێكی سامانەكەی بەخشی بە برادەرو كەسە نزیكەكانی، زۆرترینی سامانەكەشی لە پڕۆژەی بەرهەمهێندا بەكارخست بۆ دەسكەوتنی قازانج، قازانجی سەرمایەكەی سالانە كردە دیاری بۆ ئەو كەسانەی داهێنانی نوێ پێشكەش بە مرۆڤایەتی دەكەن لە بوارەكانی كیمیا و فیزیا و پزیشكی و ئاشتی وئەدەب. دیارییەكەش بە ناوی خەڵاتی نۆبڵ بە ناوی خۆی ناونرا.
ئەلفرێد لە 10/12/1896 لە شاریسان ریمۆی‌ ئیتالیا كۆچی دوایی كرد، بۆ یەكەم جار پێنج ساڵ دوای كۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبل ئەم خەڵاتە لە ساڵی‌ 1901 دابەش كرا.
ساڵانە لەڕۆژی كۆچی دوایی ئەلفرێد كە دەكاته 10/12خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشرێت بەو كەسانەی براوەن و شایستەی خەلاتەكەن.
خەڵاتەكانی كیمیا، فیزیا، پزیشكی، ئەدەب، بە ئامادەبوونی پاشای سوید و لە پەیمانگای سوید دەبەخشرێت، خەلاتی ئاشتی لە هۆڵی ئەنجوومەنی شاری ئۆسلۆی نەرویج بە ئامادەبوونی پاشای نەرویج دەبەخشرێت. لەمەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتدا ئاهەنگێكی شایستە سازدەكرێ و خەڵكانێكی زۆرئاماده ‌دەبن لە كەسایەتی ‌و ناوداران و پەرلەمانتارو لێپرسراوانی حكومی ولاتی سوید و نەرویج. خەڵاتەكە بریتیە لە میدالیایەكی زێڕ كە ڕوویەكی وێنەی ئەلفرێد نۆبڵی لەسەرە وڕووەكەی ‌تریشی وێنەی مرۆڤی لە سەرە كە گوزارشت لەبوارەكه ‌دەكات كە خەڵاتەكەی پێ دەبەخشرێ لەگەڵ بڕوانامەی نۆبڵ و بڕێك پارە.

بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، پێویستە یەكەم شت پاڵێوراوێك هەبێت، و پێویستە كەسی پاڵێوراو لەژیاندا بێت. ئەو كەسانەی كە مافیان هەیە ببن بە ئەندام لە كۆمیتەی دابەشكردنی خەڵاتی نۆبل بەگشتی بریتین لە و كەسانەی كە پێشتر خۆیان خەڵاتییان وەرگرتووە، كەسانی ئەندام پەرلەمان یان حكومەت وكەسانی ئەكادیمی و مامۆستایانی زانكۆكانی سكەندینافیا. سەبارەت بە خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری ئەدەب، دەكرێـت پێشنیار پێشكەش بكرێت لەلایەن مامۆستایانی ئەدەبیات و لێكۆڵەرەوانی زمانەوانی و ئەندامانی ئەكادیمییای سویدیی و نوێنەری نووسەران. بەڵام پێشنیارەكانی پاڵاوتن بۆ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی، دەكرێت لەلایەن ھەر ئەندامێك لە ئەندامانی حكوومەتەوە یان یەكێك لە دادگا نێودەڵەتییەكانەوە بێت. ھەروەھا لەلایەن مامۆستایانی زانكۆ لە بوارەكانی زانستە كۆمەڵایەتییەكان، مێژوو، فەلسەفە، یاسا، زانستە ئاینییەكان و سەرۆكەكانی پەیمانگاكانی لێكۆڵینەوە تایبەتییەكان لە بواری ئاشتییدا یان ھەر دامەزراوەیەكی تری ھاوشێوە بێت.
 
 
میلەت