لەمەودوا هەر كۆمپانیایەك بریكارنامەی بازرگانی نەبێت، رێگەی پێ نادرێت كاڵا هاوردە بكات


بۆ رێگرتن لە هاوردەكردنی كاڵای ساختە و كوالێتی نزم، وەزارەتی بازرگانی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە یاسای بریكارنامەی بازرگانی لەسەر كۆمپانیا بازرگانییەكان بسەپێنێ، هەر كۆمپانیایەك بریكارنامەی بازرگانی نەبێت، رێگەی پێ نەدرێ‌ كاڵا هاوردە بكات.

بریكارنامەی بازرگانی بریتییە لە بەخشینی بریكارنامەی بازرگانی لەلایەن كۆمپانیا یان كارگەی دایكەوە بە كۆمپانیا یان كەسێك بە ئامانجی فرۆشتن، دابەشكردن، ساخكردنەوەی بەرهەمێك یان پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە وڵاتێكی دیكە.

دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەوە دەڵێت: “داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە یاسای بریكارنامەی بازرگانی بسەپێنێ و هەر كۆمپانیایەك بریكارنامەی نەبێت رێگەی پێنەدرێ‌ كاڵا هاوردە بكات”.

بەجێبەجێكردنی ئەم یاسایە بازرگانان چیدی ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان كاڵای ساختە و كواڵیتی نزم هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە بەپێی یاساكە هەر بازرگان و كۆمپانیایەك كە كاڵایەك هاوردە بكات، دەبێت بریكارنامەی بازرگانی كۆمپانیا بەرهەهێنەكەی هەبێت و بریكارنامەكەشی لە وەزارەتی بازرگانی پەسەندكرابێ.

یاسای رێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی لە عێراق لە ساڵانی شەستەكان دەرچووە، حكومەتی ئەوكاتی عێراق بۆ رێگەگرتن لە هاوردەكردنی كاڵای خراپ و كوالیتی نزم، یاساكەی دەركردووە.

بەهۆی پێشكەوتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ دەرەوە، یاساكە چەندین جارێك هەموار كراوەتەوە، دوایین جاریش لەساڵی 2000 هەموار كرایەوە. پەرلەمانی كوردستانیش لە ساڵی 2007 لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران یاساكەی بەبێ‌ دەستكاری پەسەند كرد، بەڵام وەك پێویست یاساكە جێبەجێ نەكراوە.

بەهۆی زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتان، نەگونجانی هەندێ ماددەی یاسا كۆنەكە لەگەڵ ئێستای ئابووریی عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ساڵی رابردوو یاساكەی هەموار كردەوە و یاسای ژمارە 79ی ساڵی 2017ی رێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی دەركرد.

بەپێی یاساكە، كۆمپانیا بازرگانییەكان بۆ هەر كاڵایەك دەتوانن تا سێ بریكارنامە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن، دوای تۆماركردنیش یاساكە مافیان دەپارێزێ، چونكە لە ماددەی 13ی یاساكەدا هاتووە ناكرێت هیچ كاڵایەك یان كەرەستەیەك یان بەروبووم و خزمەتگوزاری كۆمپانیایەكی بیانی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و گومرگەكانەوە رێ بە هاوردەكردنی بدرێت ئەگەر تۆمار نەكرابێت، بەهەمانشێوە لە بڕگەی یەكی ماددە 18ی یاساكەدا هاتووە هەر كەسێك بریكارنامەی بازرگانی نەبێت و كاڵایەك هاوردە بكات كە پێشتر بەناوی كەسێكی دیكە تۆمار كرابێت، بە 15 ملیۆن دینار سزا دەدرێ‌. 

دڵزار ئیسماعیل دەڵێت: “یاساكە مافی بازرگان و بەكاربەر دەپارێزێت، بازرگان لەڕێگەی وەرگرتنی بریكارنامەی بازرگانی لە كۆمپانیای وەبەرهێن و تۆماركردنی لای ئێمە، مافی ئەوەی دەبێت ببێتە خاوەنی ماركە و كاڵایەك كە هیچ كەس بۆی نەبێت بەبێ رەزامەندی ئەو هەمان كاڵا هاوردە بكات، بەكاربەریش لەڕێگەیەوە دەتوانێ كاڵای كواڵێتی بەرز و ماركەی دەستكەوێت”.

دڵزار ئیسماعیل پێیوایە بەهۆی پشتگوێخستنی ئەم یاسایە زیانێكی گەورە بە ئابووریی كوردستان گەیشتووە، بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پڕ بوون لەكاڵای كواڵیتی نزم و ساختە.

بەپشتبەستن بەیاسای رێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی ژمارە 51ی ساڵی 2000 ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان مۆڵەت دەداتە كۆمپانیا و بازرگانان بە تۆماركردنی بریكارنامەی بازرگانی، بەڵام بەهۆی باش جێبەجێنەكردنی یاساكە، لەكۆی زیاتر لە 25 هەزار كۆمپانیای تۆماركراو، تەنیا نزیكەی 100 كۆمپانیا بریكارنامەی بازرگانییان هەیە.

دڵزار ئیسماعیل دەڵێت: “دوای ئەوەی كۆمپانیاكان بۆیان دەركەوت ئێمە جددین لە جێبەجێكردنی یاساكە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكان روویان لە تۆماركردنی بریكارنامەی بازرگانی كردووە، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی مۆڵەتی بریكارنامەی بازرگانی لەزیادبووندایە”.

كۆمپانیای پاژن كە 14 ساڵە ماستی پاژنی ئێرانی هاوردە دەكات و یەكێكە لەو 100 كۆمپانیایەی بریكارنامەی بازرگانی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان تۆمار كردووە، لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی رێ لە هاوردەكردنی ماستی ساختەكراوی پاژنی ئێرانی بگرێت كە لەلایەن هەندێ بازرگانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرا.

عیمران میرئال خالند، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پاژن دەڵێت: “دوای ئەوەی ماستی پاژن لە بازاڕ خواستی لەسەر پەیدا بوو، هەندێ بازرگان بۆ بەدەستهێنانی قازانج لەگەڵ هەندێ كارگەی ئێرانی رێكەوتبوون و ماستەكەیان تەقلید دەكرد و بەهەمان ناو و لۆگۆ هاوردەیان دەكرد. دوای بەدواداچوون بازرگانەكانمان دۆزییەوە و بەپشتبەستن بە یاسای بریكارنامەی بازرگانی، سكاڵامان لەسەر تۆماركردن و توانیمان رێگری لە هاوردەكردنی ماستی تەقلیدكراوی پاژن بگرین”.

عیمران وتیشی: “دوای ئەوەی بازرگانەكان هاوردەكردنی ماستەكەیان راگرت، خاوەن كارگەكە هەڕەشەی ئەوەی لێدەكردین، ئەگەر سكاڵاكەم لەسەر بازرگانەكان نەكشێنمەوە ئەوان لە ئێران رێگە بە ئۆتۆمبێلەكانمان نادەن بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە كۆمپانیای پاژنمان ئاگادار كردەوە، ئەوانیش توانییان ئەو كارگەیە بدۆزنەوە كە ماستی پاژنی بۆ هەندێ بازرگانی هەرێمی كوردستان تەقلید دەكرد، توانییان كارگەكە دابخەن و پارەیەكی زۆریش بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكان وەربگرن “.

عمران پێیوایە ئەگەر یاسای بریكارنامەی بازرگانی بەتەواوی جێبەجێ بكرێت، سوودی زۆری بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێ و چیدی بازرگانان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان كاڵای تەقلید و خراپ بهێننە كوردستان.

بەڵام ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان پێیوایە جێبەجێكردنی یاساكە ئاسان نییە،  لەبەر ئەوەی هەزاران جۆر كاڵا بەناو و لۆگۆی نزیك لەیەكدی هاوردە دەكرێت و لە خاڵە سنوورییەكانیش سیستەمێكی ئەلیكترۆنی وا پێشكەوتوو نییە كە جگە لە خاوەن بریكارنامە بازرگانییەكان رێگە بەهیچ كۆمپانیا و بازرگانێك نەدات هەمان كاڵا هاوردە بكەن، بۆیە دەڵێت: “ناتوانین ئەم یاسایە پەیڕەو بكەین”.

ساماڵ عەبدولڕەحمان رەتیكردەوە هیچ نووسراوێكیان بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ هاتبێت، ئەو دەڵێت هەر كاتێك فەرمانیان بۆ بچێ‌، حكومەت لەكەموكوڕیی  سیستەمەكەیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە ئاگادار دەكەنەوە.