پرۆفیسۆر سیروان بابان وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێشوازی كرد له شاندێكی ژاپۆنی به‌سه‌رۆكایه‌تی خاتوو میزاكۆ تاكاهاشا قونسڵ له باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له عیراق، له دیداره‌كه‌دا كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلان و به‌دواداچوون ئاماده‌ی بوو،چه‌ندین ته‌وه‌ر گفتوگۆیان ده‌رباره كرا له‌وانه چالاكییه‌كانی ژاپۆن له هه‌رێمی كوردستان له بواری په‌ره‌پێدان و به‌شداریكردن له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی هه‌رێم، هه‌روه‌ها فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ژاپۆن به‌تایبه‌تیش پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان،له‌م رووه‌وه جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر باسكردنی لیستی ئه‌و كۆمپانیا ژاپۆنیانه‌ی خاوه‌ن شاره‌زایین و له بواری وه‌به‌رهێنان كارده‌كه‌ن له‌وانه پرۆژه‌كانی دروستكردنی به‌نداو تاكو وه‌زاره‌ت هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵدا سازبكات.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا كاروباری رێكخراوی جایكای ژاپۆنی له كوردستان و له ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵسه‌نگێنرا كه خۆی له سێ ته‌وه‌ردا ده‌بینێته‌وه و بریتین له چاككردنی گه‌نم و گه‌یشتن به تیراخۆ،هه‌روه‌ها رێنمایی ته‌كنه‌لۆژیای ره‌زگه‌ری و دواجار هاوكاریكردن له داڕشتنی سیاسه‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم، شاندی میوان باسیان له چالاكییه‌كانیان كرد،كه خۆی له دووپرۆژهدا ده‌بینێته‌وه یه‌كه‌میان پرۆژه‌ی هایدرۆپاوه‌ری رووه‌كی كه له ده‌ڤه‌ری دێره‌لووك ئه‌نجامدرا، پرۆژه‌ی دووه‌میش كه له‌ئێستادا له هه‌ڵه‌بجه له بواری جێبه‌جێكردندایه بریتییه له دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی دابینكردنی ئاو له‌رێگه‌ی قه‌رزی درێژخایه‌ن،له‌لای خۆشیه‌وه وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئاماژه‌ی كرد به ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی وه‌رگرتنی وێنه‌ی سه‌ته‌لایت له ئاسمانه‌وه به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشان كردنی رووبه‌ری زه‌وی وزار و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وادا دێت و سوود لێوه‌رگرتن بۆ شیكردنه‌وه و به‌دواداچوونی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ.
له كۆتاییشدا جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر هاتنی كۆمپانیای پسپۆری ژاپۆنی خاوه‌ن شاره‌زایی بۆ هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاجیاكانی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو تاكو به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌ت و پێویستی وه‌زاره‌ت كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن.