رەئوف عەبدوڵڵا عەزیز پیاوێکی تەمەن ٧٢ ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو ماوەی ٢٣ ساڵە وەک خولیایەکی خۆی کار و کەسابەتی ژیانی بووەتە کۆکردنەوەی کاڵا و کەلوپەلی کۆنی مێژوویی کە لە سەدەکانی رابردوودا لەم ناوچەیە بەکارھێنراون، بەشێوەیەک لە ناو دوکانە بچووکەکەیدا کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی مەیدانی دارە سووتاوەکەی شاری سلێمانی، نزیکەی ١٥ ھەزار پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی کوردەواری لە ھەموو بابەتەکانی ھەڵگرتووە و لە لەناوچوون پاراستوونی.
رەئوف عەبدوڵڵا لە بارەی سەرەتای دەستپێکردنی بەو کارە وتی: “پێشتر پیشەم شۆفێری پاس بوو لەناو شاری سلێمانی، ئەوکات ھەر کاڵاو کەلوپەلێکی کۆنی کوردەواریم ببینیایە وەک خولیایەک ھەڵمدەگرت و دەمبردەوە ماڵەوە، بەڵام ماوەی ٢٣ ساڵە دەستم بەم کارە کردووە و سەرقاڵی کڕینەوە و کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلە کۆنانەم کە کۆن لە کوردەواریدا بەکار ھاتوون، ئەوەش وەک خولیایەکی خۆمە کە رۆژانە لەم دوکانەدا کاری خۆم دەکەم و لەناو ئەم کەلوپەلە کۆنانەدا خۆم سەرقاڵ دەکەم”.
رەئوف عوسمان وتیشی: “ئەم کارەی من دەیکەم کارێکی قورس و ئەستەمە و ئەوە لە بنەڕەتدا کاری دەوڵەتە، من بۆ خۆم نە ئەو بوارەم ھەبوو نە حکوومەتیش ئەو ھاوکارییەی کردم و تائێستاش ئاوڕیان لەم کارەی من نەداوەتەوە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی منە و بەردەوامیم لەسەر کارەکە تەنھا وەک خولیایەک و ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی نەتەوەییە لە پاراستنی ئەو کەلوپەلانە ، ئەگەرنا ئەم کارە بژێوی ژیانی رۆژانەی خێزانەکەم دابین ناکات”.
رۆژانە ئەم پیاوە ھەر کاڵاو کەلوپەلێکی مێژوویی بەرچاو بکەوێت دەیکڕێت و لە دوکانەکەی ھەڵی دەگرێت، ھەروەھا بەشێک لەو کاسبکارانەشی کە رۆژانە لەناو گەڕەک و کۆڵانەکان بۆ کڕینی کەلوپەلی کۆن لە ماڵان دەگەڕێن، ھەر پارچە کەلوپەلێکی کۆنیان دەستبکەوێت دەیبەنە لای ئەوو پێی دەفرۆشنەوە.
بە وتەی رەئوف عەبدوڵڵا لە ئێستادا و لە ناو دوکانەکەیدا نزیکەی ١٥ ھەزار پارچە کەلوپەلی کۆنی کوردەواری تیادایە، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەش لە مس دروستکراون وەک مەنجەڵ و سینی و قاپ و قاچاخ و کەلوپەلی دیکە.
بەشێکی ئەو کەلوپەلانەش مێژووی دروستکردن و بەکارھێنانیان بۆ ٣٠٠ تا ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پارچەکانی تریش لە کۆندا بەکارھێنراون و بۆ نەوەی ئێستا بوونەتە مێژوو، بەشێکیشیان وەک یادگارییەک ئەو پارچانە دەکڕن و بۆ جوانکاری و وەک کاڵایەکی کۆن لە ماڵەوە یان شوێنی کارەکانیان دایان دەنێن.
نیگەرانی رەئوف عەبدوڵڵا لەوەیە کە شوێنی کارەکەی دوکانێکی بچووکە و هەموو کەلوپەلەکان لەسەر یەک کۆبوونەتەوە و شوێنی ئەوەی نییە ھەموو پارچەکان وەک مۆزەخانەیەک و بەشێوەیەکی رێک و پێک دابنێت، تاوەکو ئەوانەی سەردانی دەکەن بە جوانی ھەموو پارچەکان وەک خۆی ببینن.
لەناو ئەو دوکانە بچووکەدا ھەزاران پارچە کەلوپەلی کۆنی کوردەواری جۆراوجۆری لە مەنجەڵ و قاپ و قاچاخ و جل و بەرگ و نوێن و رادیۆ و ئامێری پەیوەندی و دراو و ئامێری موزیک و رایەخ و کەلوپەلی تایبەت بەشەڕکردن و کشتوکاڵ و راوکردن و بابەتی دیکەی جۆراوجۆرهەن.
زریان تەمەنی ٢٨ ساڵە و قوتابی زانکۆیە، ئەو ماوەی ١٠ ساڵە بۆ ھاوکاریکردنی باوکی رۆژانە دێتە دوکانەکە و ھاوکاری باوکی دەکات لە رێکخستنی کەلوپەلەکاندا و شارەزایی زۆری لە بوارەکە پەیدا کردووە.
زریان لە بارەی کەلوپەلەکان و ئاشنایەتی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەو پارچە کەلوپەلانەدا کە بۆ ئەوان بوونەتە مێژوویەک و لەئێستادا بەکار ناھێنرێن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و وتی: “ھەرکەسەو بەپێی ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەلوپەلانەدا دەکات، رۆژانە گەنج ھەیە سەردانمان دەکات و ئەوانەی توانای کڕینی کەلوپەلەکانیان نییە بە کرێ دەیبەن و لە ڤێستیڤاڵ و بۆنەکاندا بەکاریان دەھێنن”.
ئەو پێی وایە کارەکەی باوکی کارێکی نەتەوەیی گەورەیە و پێویستە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی لێبدەنەوە و ھاوکاری بکەن، زریان گوتیشی: “ئەوەی باوکم دەیکات کارێکی گەورەیە و کەلوپەلەکان ناسنامەی میللەتە و ئاماژەن بۆ رابردوو مێژووی ئەم میللەتە، گەنجمان ھەیە خولیای ئەم کاڵایانەیە و بە پارە دەیکڕن، ھەشیانە ھیچ گرنگییان پێنادات و ئامادە نییە بیان کڕێت و بیانباتەوە بۆ ماڵەوە”.
بە وتەی ئەو، زۆربەی گەنجان زیاتر خوازیاری مەنجەڵ و قاپ و قاچاخە کۆنە مسەکانن و دەیانکڕن، ھەروەھا بەشێکی کەلوپەلەکانی ناو دوکانەکەشیان کاڵای دەگمەن و بەنرخن و بۆ فرۆشتن نین ، چونکە نموونەیان لە ئێستادا نەماوە و ئامادە نیین لەدەستیان بدەن.