ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی یاداشتێكی لێكتێگەشتنی لەگەڵ پارێزگای قەزوین ئیمزاكرد و بڕیاریاندا كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان بكەن.
یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەگەلی كوردستانی راگەیاند: لەكۆتا ڕۆژی سەردانەكەمان بۆ پارێزگای قەزوین، یاداشتێكی لێكتێگەشتنمان بەچاودێریی پارێزگاری قەزوین ئیمزاكرد، كە لەلایەن ژووری بازرگانی قەزوینە ئامادەكرابوو. ڕاشیگەیاند: یاداشتەكە تایبەتە بە چۆنێتی كاركردنی ژوورە بازرگانیەكان لەگەڵ یەكترو ئاسانكاری بۆ هاتووچۆی بازرگانانو بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووریو بازرگانییەكان.
هاوكات ئاغای كەشاوەرز سەرۆكی ژووری بازرگانیو پیشەسازیو كشتوكاڵو نەوتو كانزای قەزوین ڕایگەیاند: مەبەست لە ڕێكەوتنەكەمان لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی، پەرەپێدانی كاری بازرگانیە كە دەبێتە تایبەتمەندیەك لەنێوان پارێزگای قەزوینو هەرێمی كوردستان، وە كاریگەری زیاتری لەسەر باشتركردنی پەیوەندیە بازرگانیەكان دەبێت.