بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی پێدانی راپۆرتی سیاسی بەكونسوڵی توركیا لەسەر بارودۆخی سلێمانی بەرزكردنەوەی ئەو راپۆرتانە لەكۆنسوڵی توركیا لەهەولێرەوە بۆ حكومەتی توركیا لەلایەن كونسوڵەوە، ئەو وڵاتە سورە لەسەر بڕیاری گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن توركیاوە چەند جارێك لەگەڵ كونسوڵی توركیا كۆبومەتەوە بەڵام وەك دەزانرێت كونسوڵی توركیا نوێنەری ئەو وڵاتەیە لەناوچەكە، بارودۆخو وێنەی ئەم ناوچەیە دەگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا هەندێك راپۆرتی نادروست لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە ئەویش دەیگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەر گروپێكی سیاسی لەم ناوچەیە هەبێت حكومەتی توركیا ناتوانێت بەگەمارۆخستنە سەر هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، هاوكات چەندین هاوڵاتیو كۆمپانیای توركیش لەم سنوورە كاردەكەن داخستنی فڕۆكەخانەی سلێمانی كاری لەوانیش كردووە.
(تاهیر عەبدوڵا) وتیشی، لەوە تێناگەم دانانی گەمارۆ لەلەیەن توركیاوە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی چ مانایەكی هەیە، لەكاتێكدا فڕۆكەخانە دەزگایەكی سیاسی نیە بەڵكو خزمەتگوزاریە بۆ هەموو هاوڵاتیان.