دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار تەنیا زیانی بەئێرانییەكان نەگەیاندوە، لە هەرێمی كوردستان دەیان بازرگانی نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بەو هۆیەوە مایەپوچبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن و مەترسی ئەوەش لە ئارادایە زیانێكی زۆری دارایی بە بازرگانانی هەرێم بكەوێت. وەك نوسینگەكانی ئاڵو گۆڕی دراو باسی دەكەن بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە كاسبكاران كەوتوە. ئاماژە بەوەشدەكەن كە زیاتر لەدە كەس مایەپوچ بون.
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوری بازرگانی سلێمانی ئاشكرایدەكات بەهۆی ئەوەی سیستمێكی بانكی لەهەرێمی كوردستان نییە هەمیشە بازرگانەكان ڕوبەڕوی زیانی دارایی دەبنەوە, بەوتەی ئەو ئەندامە زۆرێك لەكاری بازرگانی و ئاڵۆگۆڕی كاڵاو شمەك لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان بەقاچاغ یان، نایاسایی بەڕێوەدەچێت.
ڕێگری لە زیاتر لە هەزارو 500شمەكو كاڵا بۆناو خاكی ئێران ئەو زیانەیە كەبەشێكی زۆری بازرگانەكانی هەردو دیوی ئێران وعێراق بەریان دەكەوێت، وەدابەزینی تمەنیش وای كردوە كەبەشێكی زۆری بارزگانەكانی هەرێمی كوردستانیش كەمامەڵەی ڕاستەو خۆیان لەگەڵ بازرگانەكانی ئێران هەیە زیانێكی زۆریان پێبگات ، بەشێوەیەك بەشێكی زۆریان لەسەدا 50زیانیان بەركەوتوە.