لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا 12 ملیۆن داری خورما لە عیراق ڕوێندراوە


وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرای دەكات: ژمارەی دارخورماكانی عیراق بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە‌و تەنها لەماوەی چەند ساڵێكدا 12 ملیۆن داری خورما ڕوێندراون.

مەهدی زەمەد قەیسی بریكاری هونەری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاشكرایكردووە: بەپێی ئامارە ڕەسمیەكان 10 ساڵ پێش ئێستا ژمارەی دارخورماكانی عیراق بۆ 11 ملیۆن دابەزی بوو، كە ئەوەش ژمارەیەكی مەترسیدار بوو، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا 12 ملیۆن داری خورما ڕوێندراون‌و لەئێستادا ژمارەی دارخورماكانی عیراق گەیشتۆتە 23 ملیۆن.

وتیشی: هۆكاری كەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماكان دەگەڕێتەوە بۆ وشكەساڵی، پشتگوێ‌ خستنی كەرتی كشتوكاڵ، دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون‌و بازرگانی لەسەر باخەكانی خورما، بەڵام لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی وەزارەتی كشتوكاڵدا كە پێدانی قەرز بە جووتیاران‌و دابەشكردنی نەمامی دارخورما‌و هاندانی كەرتی تایبەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی كشتوكاڵی لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دارخورماكان بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

بریكاری هونەری وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكردووە: پەرەپێدانی بەرهەمی خورما داهاتێكی باشی بۆ كەرتی تایبەت‌و گشتیش دەبێت، بۆیە پێویستە كار لەسەر زیادكردنی ژمارەی دارخورماكان‌و بەرهەمهێنانی خورما بدرێت.