وەزیری دارایی لەگەڵ لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران كۆبووەوە


رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی لەگەڵ لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران كۆبووەوە و تاوتوێی كێشەكانی بەڵیندەرانی دەڤەرەكەیان كرد.

بەپێی راگەندراوێكی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم وەزیری دارایی و ئابووری پشتگیری داواكارییەكانی كردن و بەڵێنی دا كە هەوڵ دەدات بۆ چارەسەركردنی بەشێك لە داواكارییەكانیان. 

هەر لە سلێمانی وەزیری دارایی و ئابووری لە نووسینگەكەی چاوی كەوت بەو هاووڵاتییانەی كە سەردانیان كردبوو بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان. هەروەها سەردانی گشت بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی دووی سلێمانی كرد  بۆ ئاگەداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانیان.

دواتر وەزیری دارایی لە  هۆڵی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین  كرد.