له‌دوای گه‌مارۆى توركیا بۆ سەر فرۆکەخانەى سلێمانى لەسەدا ٤٠% داهاتى فرۆکەخانەکە کەمیکردووە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ڕایگەیاند، ‌حكومه‌تی عێراق لابردنى گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بەلاوە گرنگ نییه ‌وهیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی لەو بارەیەوە نه‌بووه‌.

تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، چاوه‌ڕوانی حه‌یده‌ر عه‌بادی بوون بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى تورکیا لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئەرێنی له‌و باره‌یه‌وه‌ نەبووە.

وتیشی، سەرەڕاى ڕاگرتنى گەشتەکانیش، تورکیا ڕێگه‌ نادات ئاسمانی وڵاته‌كه‌شی به‌كاربهێنرێت بۆ هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك كه ‌له‌ شوێنی دیكه‌وه ‌بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بێت.

باسی لەوەشکرد، گه‌شبینە بەوەى له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانى تورکیاوە حكومه‌تی ئەنقەرە به‌بڕیاری گه‌مارۆخستنه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیدا بچێته‌وه.

له‌دوای گه‌مارۆى توركیا بۆ سەر فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى به‌هۆی وه‌ستانی گه‌شته‌كانه‌وه نزیکەى ٤٠%ی داهاتى فرۆکەخانەکە کەمیکردووە.