تمەنی ئێرانی تەنها لەماوەی ئەمساڵدا نیوەی بەهاكەی لەدەستداوە‌

بەهای تمەنی ئێرانی تەنها لەماوەی ئەمساڵدا نیوەی بەهاكەی لەدەستداوە‌و لەبازاڕە ناڕەسمیەكانیشدا 100 دۆلاری ئەمریكی بە 900 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕی پێوەدەكرێت.

بەپێی ماڵپەڕی (بۆنباست دۆت كەم) بۆ ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەكان، یەك دۆلاری ئەمریكی بە 9 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدا كۆتایی هەفتەی رابردوو، یەك دۆلار بە 7 هەزارو 500 تمەن بووە، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لەبارزگانان وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەو دۆخە دوكانەكانیان داخستووە.

هاوكات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، لەسەرەتای ساڵی 2018وە بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوام رووی لەدابەزین كردوە‌و لەدوای بڕیارەكەی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ئەمریكاش لە 12ی ئایاری ئەمساڵ سەبارەت بەكشانەوەی وڵاتەكەی لەرێككەوتنی ئەتۆمی‌و  دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابووریەكان بەسەر تاراندا، بەهای تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی  بەڕێژەی لەسەدا 50 دابەزیووە.