راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت ”ئەم ساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو نزیکەی ٩٠٠ هەزار تەن کەمتر گەنم لە جوتیارانی کوردستان وەردەگیرێت، ئەمەش جوتیارانی نائومێد کردوە و لە ئێستاوە بە نرخێکی کەم دەیفرۆشنەوە بەو بازرگانانە عەرەبانەی گەنم بۆ باشور و ناوارەستی عێراق دەبەن”.
وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وردەکاریەکانی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی کوردستان دەخاتەڕوو دەڵێت ”ئەمساڵ گەنمی دەرەجە یەک ٥٦٠ هەزار دینار و دەرەجە دوو ٤٨٠ هەزار و دەرجە سێکەی بە ٤٢٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت، بەڵام ئەمساڵ بۆ هەموو کوردستان ٣٢٠ هەزار تەن گەنم لەسایلۆکان وەردەگرێت کە ئەمەش بەروارد بە ساڵانی رابردوو ٩٠٠ هەزار تەن کەمیکردوە، شاری سلێمانی ٨٠ هەزار تەنی بەردەکەوێت لە کاتێکدا تەنها لە سلێمانی ٩٠٠ هەزار دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە کە ٤٥٠ هەزار تەن گەنم بەرهەم دەهێنرێت حکومەتی عێراق تەنها ٨٠ هەزار تەن وەردەگرێت، ئەوەی تر دەمێنتەوە”.
راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات ”لەئێستاوە جوتیارانی کوردستان گەنمەکانیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشنەوە بە بازرگانانی عەرەب دەچێت بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق و لەوی دەدرێتە سایلۆکان، ئەمەش جوتیارانی بێ تاقەت و نائومێد کردوە”.
وەسفی خەلیل وتیشی ”کێشەیەکی تر کە بەرۆکی جوتیارانی گرتووە ئەوەیە بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق هەر جوتیارە و دەبێت بە تەنها گەنمەکەی بباتە سایلۆکان واتا کۆمەڵێک جوتیار پێکەوە ناتوانن لۆریەک بگرن و گەنمەکانیان بەرنە سایلۆکان دەبێت بە تەنها لۆریەک بگرن کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی تێچوو لەسەر جوتیاران”.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەش راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی ”دەبێت حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات وەک حکومەتی عێراق گەنم لە جوتیاران بکڕێتەوە، کە لە ئێستادا ئەمە مەحاڵە بکرێت و گەنمی کوردستان تاڵان فرۆش دەکرێت و ئاوا بەفیرۆ دەڕوات بۆ باشور و ناوەراستی عێراق، جوتیارانی کوردستان لەساڵانی داهاتوودا بێ هیوا دەبن و ناتوانن بەردەوام بن و واز لە کشتوکاڵ کردن دەهێنن”.