‘دەبێت لەماوەی دوو مانگدا سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم پێوەری ئاو لە ماڵەکانیاندا ببەستن”

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەبێت لەماوەی دوو مانگدا سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم پێوەری ئاو لە ماڵەکانیاندا ببەستن.

مەسعود کارەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەسەدا ٦٠ی خەلکی کوردستان پێوەری ئاویان لە ماڵەکانیان بەستووە و دەبێت لە دوو مانگی داهاتووشدا لەسەدا ٤٠ کەی دیکە ئەو پێوەرە ببەستن”.

ڕوونیشیکردەوە لە ڕێگەی سێ کۆمپانیاوە کارەکانی پێوەری ئاو لە هەرێم دانراوە و دادەنرێت، لە هەولێر و دهۆک یەک کۆمپانیا، سلیمانی کۆمپانیایەک و بۆ گەرمیان و ڕاپەرین و هەڵەبجەش کۆمپانیایەکی دیکە دانانی پێوەری ئاوی ماڵانی لە ئەستۆیە و لە ئێستادا کارەکانی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی جەختی لەوەش کردەوە، پاش دوومانگی دیکە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگرنەبەر کە پابەندی ئەو ڕێنماییە نەبن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بە بێ پێوەر بووە و هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو دیاری نەکراوە.