چەند مانگێكە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان لە سلێمانی دواكەوتووە


 ماوەی چەند مانگێكە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان لەسلێمانی دواكەوتووە، بەڕێوەبەری دانەوێڵە-ش ئاشكرای دەكات، كە عیراق گەنم-یان بۆ دەنێرێت و دەكرێتە ئارد.

ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی بڕی 115 هەزار تۆن گەنمی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ دیاری كراوە، تا لەجوتیاران وەربگیرێت‌و ساڵی ڕابردووش كەمتر لەو بڕە وەرگیراوە، ئەمساڵیش پێدەچێت كەمتر وەربگیرێت.

وتیشی، ئەو گەنمەی خۆمان دەدرێتە ئاشەكان‌و دەكرێتە ئارد، دوای تەواو بوونی ئەو بەشە، بەغدا گەنمی ئەمریكی و ئوستورالی دەنێرێت و دەكرێتە ئاردو دابەش دەكرێت، ئەو ئاردەی ئێستا دابەش دەكرێت ئەو گەنمەیە.

سەبارەت بەهۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی ئارد بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو گەنمە ئەمریكی‌و ئوسترالیە بە باخیرە دێتە بەسرەو دواتر بەغدا دەینێرێت بۆمان‌و دواتر دەدرێتە ئاشەكان بۆیە دوادەكەوێت، چونكە ئەوە وەك ئەوە نییە گەنمی خۆمانبێت و ڕاستەوخۆ بیدەینە ئاشەكان.

(ئەمین محەمەد) دڵنیاییشی دایە هاوڵاتیان، كە بە بەردەوامی گەنم لەعیراقەوە هاتووەو كراوە بەئاردو دابەش كراوەو قەیرانی ئارد دروست نەبووەو نرخەكەشی هەرزانە.