رێكەوت زەكی: ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە قبووڵ ناكەین كه‌ به‌غدا ده‌ینێرێت

وا بڕیارە ئەم هەفتەیە بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بگاتە هەرێمی كوردستان و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش  دەڵێت ئەو “بەنزینە وەر ناگرین “.

رێكەوت زەكی جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: بڕیارە ئەم هەفتەیە حكومەتی عیراق بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە قبووڵ ناكەین و وەریناگرین.

وتیشی: قبووڵ نەكردن و وەرگرتنی بەنزینەكە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكار، كە ئەمانەن:

یەكەم- ئەم بەنزینە بەشە بەنزینی هەرێمی كوردستان نییە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە، بەڵكو پاكتاوی حساباتی قەرزی دوو كۆمپانیای ناوخۆیی هەرێمە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقی، چونكە بەنزینی عیراقی دەبێت بە 450 دینار بێت نەك بە 600 دینار.

دووەم- ئەم بڕە تەنها بۆ یەك جارە تا قەرزەكەیان تەواو دەبێت، بۆیە بە ڕای ئێمە قەیرانەكە زیاتر دەكات.

سێیەم- ئۆكتانی ئەو بەنزینەی دەینێرن ئۆكتانەكەی زۆر نزمترە لەو بەنزینەی كە ئێستا لە بەنزینخانەكانی سلێمانی دەفرۆشرێت،ئەم هۆكارانەش وادەكات ئێمە بەنزینەكە قبووڵ نەكەین و وەرینەگرین.

رێكەوت زەكی جەختیشكردوەتەوە، هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین بەردەوامەو پلانێكیشمان خستووەتە بەردەم پارێزگاری سلێمانی تا نرخی پێ داببەزێنێت بەڵام تا ئێستا پلانەكەی جێبەجێنەكردووین، چونكە پلانەكە دروستكردنی كێبڕكێی زیاترە.  

ئەمەش لە كاتێكدایە كۆمپانیای كار بڕیاریدا لەپاڵاوگەیەكی هەرێم بەنزین بۆ عیراق بەرهەمبهێنت و هەر لیترێكیشی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا بە450 دینار دابین بكات و بۆ هەرێمیش هەمان بەنزین بەنرخی دوو هێندە بفرۆشێتەوە.  
 
میللەت