وه‌زاره‌تی كاره‌با: ده‌توانرێت 12 سه‌عات كاره‌با بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا  هاتووه‌،  له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی كاره‌با 2700 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ 4500 مێگاوات به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌م بڕه‌ كاره‌بایه‌ش ده‌توانرێت 12 سه‌عات كاره‌با بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌هاووڵاتیانی به‌ڕێز ده‌كه‌ین له‌ پێناوی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك له‌م وه‌رزه‌دا هاوكارمان بن له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاد به‌كارهێنانی كاره‌با.

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 
روونكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی پێدانی كاره‌با
وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌پێویستی ده‌زانێت روونكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌دۆخی كاره‌با و ماوه‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی له‌م وه‌رزه‌دا بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان و رۆژانی جه‌ژندا سه‌ره‌ڕای سنووردارێتی سه‌رچاوه‌ی دارایی و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماو هه‌ڵكشانی خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با توانرا به‌ڕێكوپێكی به‌ پشتبه‌ستن به‌به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و به‌ تێكڕا 16 سه‌عات كاره‌با بدرێت و دواتریش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان سه‌رجه‌م سه‌عاته‌كانی كاره‌با بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت. ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌یه‌دا توانرا رێگا بگیرێت له‌ كوژانه‌وه‌ی گشتی و ناوچه‌یی كه‌ پێشتر به‌هۆی هه‌ندێك گرفتی ته‌كنیكییه‌وه‌ روویده‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ رێكوپێكی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاره‌باو هاوكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانین ده‌ستخۆشی له‌ تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنترۆڵی كاره‌بای هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنترۆڵی كاره‌بای پارێزگاكان و به‌شه‌كانی گواستنه‌وه‌و دابه‌شكردنی كاره‌باو تیمه‌كانی چاكسازیی و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ بكه‌ین كه‌توانیویانه‌ به‌پێی توانا كاره‌با بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ن. 

له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی كاره‌با 2700 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ 4500 مێگاوات به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌م بڕه‌ كاره‌بایه‌ش ده‌توانرێت 12 سه‌عات كاره‌با بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌هاووڵاتیانی به‌ڕێز ده‌كه‌ین له‌ پێناوی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك له‌م وه‌رزه‌دا هاوكارمان بن له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاد به‌كارهێنانی كاره‌با.