وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر روستی رایگەیاند کە رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ئاشکرایشی دەکات کە تەنها لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، ٢٥٥ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
نادر روستی وتی: “ھۆکاری زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی ئەو پلانە ستراتیجییەی کە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دانراوە کە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت پەرەپێدانی جێگا گەشتیارییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکان و بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ھۆشیاری گەشتیاری و بەبازاڕکردن و ناساندنی گەشتیاری ھەرێم بە تایبەت لە سۆشیال میدیا کاری زۆری بۆ کراوە”.
نادر روستی وتیشی: “لە میانی ١٠ رۆژدا، زیاتر لە ٢٥٥ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و بەراورد بە ساڵی رابردوو سەدا پێنج رێژەی گەشتیاران زیادیکردووە. ساڵی پار ژمارەی گەشتیاران بریتیی بوو لە ٢٤٣ هەزار گەشتیار، ئەمە جگە لە گەشتیاری ناوخۆیی”.
پێشتریش دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە مەزندە دەکرێت داھاتی گەشتیاری لەو ١٠ رۆژە زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بێت بۆ ناو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی راگەیەندراوی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێم زۆرترین گەشتیاری بۆ چووە، بەڵام لە پارێزگای ھەولێر ژمارەی گەشتیاران کەمیکردووە.
ژمارەی گەشتیاری ئێرانیش لەسەدا ٢٥ کەمیکردووە و هۆکارەکەیشی بۆ زیادکردنی رسومات لە لایەن ئێران لەسەر ھاووڵاتییانی لە کاتی گەشت بۆ دەرەوەی ئێران دەگەڕێتەوە.