جموجۆڵی بازرگانی له‌ مه‌رزی کێلێ به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌

قایممقایمی قەڵادزێ رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی بازرگانی له‌ مه‌رزی لاوەکی کێلێ ، به‌راورد به‌چه‌ند مانگی رابردوو به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌ و هۆکارەکەشی بۆ پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دەگەرێنێتەوە.

بەکر بایز، قایممقایمی قەڵادزێ  راگەیاندوە: “جموجۆلی بازرگانی له‌ده‌روازه‌ی مەرزی لاوەکی (کێلێ) به‌رێژه‌ى لە % 20 بۆ 30 كه‌می كردووه‌ بەهۆی پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵی وەکو سەوزە و میوە لەم چەند مانگەدا بە شێوەیەک کە پێویستیمان بە هاتنی بەروبومی وڵاتانی دەور و بەر نابێت بەتایبەتی وڵاتی ئێران”.

لە مەرزی کێلی رۆژانه‌ زیاتر لە 300 ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتى ئیراندا هاتووچۆ ده‌كه‌ن و خۆراك و كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هێننه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌راستى عێراقى ده‌گوازنه‌وه‌.