لە بەغدا چەند زانیاریەكی گرنگ لەبارەی دابین كردن و ناردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت.
لەو بارەیەوە محەمەد عوسمان ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عێراق بە ماڵپەری ئێس ئێن ئێن ی ڕاگەیاندووە كە بەغدا ئامادەیە مووچە بۆ پێشمەرگە ڕەوانە بكات بەڵام مەرجی هەیە و دەیەوێت بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان و پێویستی ناوچەكە بێت, تەئكیدیشی كردۆتەوە كە پێویستە وەفدی دانوستانكاری هەرێم لە گەڵ بەغدا ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە.
محەمەد عوسمان ڕاشیگەیاندووە بە گوێرەی دەستوور پێشمەرگە بەشێكە لە وەزارەتی بەرگری عێراق و پێویستە لە لایەن بەغداوە مووچەی بۆ دابین بكرێت,بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆو دانوستان هەیە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراقدا.
ئاماژەی بەوەش كردووە ئەگەر حكومەتی عێراق لە سەر ژمارەی دانیشتوان مووچەی پێشمەرگە ڕەوانە بكات ئەوا پشت بە پسوڵەی خۆراك دەبەستێت,جگە لەوەش دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق وەفدی دانوستانكاری هەرێم دەتوانێت ئەو بابەتە لە گەڵ بەغدا بە گفتوگۆو دانوستان یەكلایی بكاتەوە.