له‌داهاتوودا بودجه‌ی‌ سلێمانی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت

سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، له‌كاتی‌ خۆیدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمیی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، ساڵانه‌ پارێزگاكه‌ له‌چوار سه‌رچاوه‌وه‌ بودجه‌كه‌ی‌ بۆ دابینده‌كرێت.
(یوسف یاسین) سه‌رۆك شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ساڵانه‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌چوار سه‌رچاوه‌وه‌ بودجه‌ وه‌رده‌گرێت ئه‌وانیش، (بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان، بودجه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكان، بودجه‌ی‌ نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ شاره‌وانی‌)ن، وتیشی‌:”ساڵانه‌ بودجه‌ی‌ شاره‌وانی‌ بۆ كاروباری‌ شاره‌وانی‌‌و بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆژه‌ی‌ بچوكی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ته‌رخانده‌كرێت”.
سه‌رۆك شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ساڵانه‌ بودجه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت‌و بڕیاره‌یش به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمیی‌ له‌داهاتوودا بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2013)ی‌ پارێزگاكه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت.
پێشتر (به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح) پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكردبوو، له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پرۆژه‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌ده‌ستیان گه‌یشتبوو، بریتیبووه‌ له‌(502) ملیار‌و (847) ملیۆن‌و (343) هه‌زار دینار، ئه‌وه‌ش بۆ (741) پرۆژه‌ ته‌رخانكراوه‌.