كورته‌یه‌ك له‌ ژیاننامه‌ی بایز تاڵه‌بانی

.
بایز تاڵه‌بانی دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای چاودێری دارایی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

بایز سه‌عید محه‌مه‌د عه‌بدولغه‌نی تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1944 له‌ گوندی باداوی سه‌ر به‌ناحییه‌ی له‌یلانی پارێزگای كه‌ركوك له‌دایكبووه‌.

هه‌ر له‌و گونده‌ چۆته‌ به‌ر خوێندن و دواتر له‌ ساڵی 1956 دا له‌ شاری كه‌ركوك درێژه‌ی به‌ خوێندن داوه‌ و قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌ .

له‌ ساڵی 1958 كاتێك كه‌ خوێندكاری ناوه‌ندیی موسه‌للای كه‌ركوك بووه‌ چۆته‌ ناو كاری سیاسی و په‌یوه‌ندی به‌ رێزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و دواترله‌ ساڵی 1965 په‌یوه‌ندی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ .

بایز تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1968 به‌ كارمه‌ند له‌ شاره‌وانی كه‌ركوك دامه‌زراوه‌ و دوای دوو ساڵ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌شغالی هه‌ولێر و له‌ ساڵی 1970 دا بۆته‌ لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان.

له‌ ساڵی 1972 جارێكی تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌شغالی كه‌ركوك كاری كردووه‌ , له‌ ساڵی 1973دا بۆته‌ لێپرسراوی لقی به‌غدای یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی سكرتارییه‌ت و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ دارۆ شێخ نوری و عه‌بدولره‌زاق عه‌زیز و ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و جه‌مال حه‌كیم به‌شداری كردووه‌ له‌ فێستیڤاڵی جیهانی لاوان له‌ ئه‌ڵمانیای  رۆژهه‌ڵات.

بایز تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1974 دا و دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان كورد و حكومه‌تی عیراق له‌ ناوچه‌ی چۆمان بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ و دوای هه‌ره‌سی شۆڕش  له‌ ساڵی 1975 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و دواتر بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبانی رومادی دوورخراوه‌ته‌وه‌ , دواتر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌شغالی گشتی و له‌ ساڵی 1990 دا گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری ناسرییه‌ی باشووری عیراق.


بایز تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1991 دا و داوی راپه‌ڕین گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ ساڵی 1994 بۆته‌ ئه‌ندام له‌ كۆمیته‌ی پێنجی فه‌رمانبه‌ران .

له‌ 1995 دا بۆته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان و دوای ساڵێك به‌هه‌مان پله‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی دارایی یه‌كێتی وهه‌مان ساڵ  بۆته‌ ژمێریار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌شغالی سلێمانی .

بایز تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1997 به‌دواوه‌ رۆڵێكی پیشه‌نگی هه‌بووه‌ له‌ دامه‌زراندنی چه‌ند ده‌زگایه‌كی داراییدا, له‌وانه‌ ده‌زگای چاودێری دارایی ئیداره‌ی سلێمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بووه‌ سه‌رۆكی دیوانی ده‌زگاكه‌, هه‌روه‌ك له‌ساڵی 2001 دا ده‌زگای چاودێری دارایی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشی دامه‌زراند و بۆ ماوه‌یه‌كیش لێپرسراویه‌تی ئه‌و ده‌زگایه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.

له‌ساڵی 2002 دا پۆستی وه‌زیری دارایی و ئابووری له‌ ئیداره‌ی سلێمانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌ , هه‌روه‌ك له‌ كابینه‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێمیشدا وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم  بووه‌ , و له‌وماوه‌یه‌دا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ پێشخستنی كه‌رتی ئابووری هه‌رێم.

وه‌ له‌ ساڵی 2014 دا به‌ پله‌ی وه‌زیر خانه‌نشین كراوه‌. له‌ رۆژی 21 ی حوزه‌یرانی ساڵی 2018 و له‌ دوای ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا دواجار له‌ شاری سلێمانی ماڵئاوایی له‌ خزم و دۆست و هه‌ڤاڵانی كرد و به‌ره‌و دونیای نه‌مری به‌ڕیكه‌وت.

PUKmedia