هه‌رێم پێداچوونه‌وه‌ به‌كاری كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌كات

به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری كۆمپانیاكان له‌هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ئه‌گه‌رچی هه‌رێم له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كاری له‌سه‌ر ژماره‌ی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێم كردووه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا كار له‌سه‌ر چۆنییه‌تی كاركردن‌و كوالێتی كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌كرێت، له‌وباره‌یشه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌سیستمی هاورده‌كردنی كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌كرێت.
(دڵزار ئیسماعیل) به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری كۆمپانیاكان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌زۆری ژماره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان داوه‌، كه‌ بۆ خستنه‌ڕووی كاروپرۆژه‌كانیان سه‌ردانی هه‌رێمیان ده‌كرد، به‌ڵام له‌مه‌ودوا گرنگی به‌ژماره‌ی كۆمپانیاكان نادرێت، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر چۆنییه‌تی كاركردنی‌و كوالێتی كۆمپانیاكان ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی كاروپرۆژه‌كان له‌هه‌رێمی كورستاندا.
(دڵزار ئیسماعیل) به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری كۆمپانیاكان له‌هه‌رێمی كوردستان ڕوونیكرده‌وه‌، له‌مه‌ودوا گرنگی زیاتر به‌كه‌رتی كشتوكاڵی‌و نه‌وت‌و گه‌شتیاری ده‌درێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت هه‌رێم له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت.