هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنیو لەدوو ساڵی ڕابردوودا 200 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمهێنراوەو نیوەی ئەو بەرهەمەش هەناردەی ناوەڕاستو باشووری عیراق كراوە.
حسێن حەمە كەریم بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی كشتوكاڵ راگەیاندووە، بەرهەمهێنانی پەتاتە لەهەرێمی كوردستان خۆبژێوەو زیاد لەپێویستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، لەدوو ساڵی ڕابردووداشدا بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆ گەیشتووەتە 200 هەزار تۆن، لەو ڕێژەیەش بڕێكی باشی هەناردەی عیراق دەكەین، كە بەشی لەسەدا 50ی پێداویستی ئەوان دەكات.
وتیشی، بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی پەتاتەوە لەسەرەتای مانگی 4ی هەموو ساڵێكدا، باج لەسەر پەتاتەی هاوردەكراو زیاد دەكەین، بەجۆرێك بۆ هەر تۆنێك 250 هەزار دینار باج وەردەگیرێت تاكو بەرهەمی ناوخۆ كەم دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵیش، لەمانگی 4 بۆ مانگی 11 بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە بەشی پێویستیی ناوخۆ دەكات، كە نزیكەی 100 هەزار تۆنە بۆ ئەو ماوەیە، بەڵام دوای ئەوە واتە لەمانگی 11 بۆ مانگی 4، لەدەرەوە هاوردە دەكرێت، كە ساڵانە نزیكەی 60 بۆ 70 هەزار تۆنە.