ساڵانە نزیکەی 215 هەزار تۆن کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت. سەباح لە کارگەکەی خۆیدا مانگانە زیاتر لە 100 تۆن کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو دەکڕێت، دوای وردکردنی هەناردەی تورکیای دەکات. ئەو دەڵێت “ئەو نرخەی بازرگانە تورکەکان دەیدەنە ئێمە، بایی ماندووبوونەکەمان نییە”.
سەباح ئەحمەد، خاوەنی کارگەی وردکردنی پلاستیک دەڵێ “پێش ئێستا بازاڕ خۆش بوو و بەهای لیرەی تورکی دانەبەزیبوو… لێرە هەموو کەسێک ناڵێ بەچەند (پلاستیک) دەکڕێت. ئێستا من بچم بیکڕم، هەرزانتر لە خەڵکی دیکە دەیکڕم”.
لە هەرێمی کوردستان 20 کارگەی کەپسکردن و ورکردنی پلاستیک هەن. ماددە هاڕاو و کەپسکراوەکان لەڕێگەی 42 بازرگانی مۆڵەتپێدراو هەناردەی کارگەکانی ریسایکلینگی تورکیا دەکرێن، پڕۆسەیەک کە لە هەر تۆنێکدا، تەنیا هەزار و 105 دیناری بۆ حکومەتە.
وەزارەتی بازرگانی بۆ زیادکردنی هەلی کار، کەمکردنەوەی تێچوو و خاوێنڕاگرتنی ژینگە، بوونی کارگەی ریسایکلینگ بەپێویست دەزانێت، کارگەیەک کە بەشێوەی مامناوەند نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازی دەڵێ “ئێمە مۆڵەتمان بە چەند کەسێک داوە کە ئەو ماددانە ببەنە دەرەوە، بەڵام لە دیدی بازرگانییەوە پێمان باشە سەرمایەدارەکان هەوڵبدەن کارگەی ریساکلینگ دروست بکەن”.
نەبوونی کارگەی ریساکیلنگ لە هەرێمی کوردستان لەلایەک و کێشەکانی کۆکردنەوە و هەناردەکردن بۆ تورکیا هەرزانکردنی نرخی کڕینی ماددە هاڕاو و کەپسکراوەکان لەلایەکی دیکە، وایانکردووە چەند خاوەن کارگەیەک هەنگاو بەرەو داخستنی کارگەکانیان بنێن.
عومەر ماوەی سێ ساڵە کارگەی هەیە و پێنج کەس لای ئەو کار دەکەن، بەڵام ئەمساڵ زۆر هیوای بە کارەکەی نەماوە و دەڵێ “ئێستا دەبێ دەستیشیان ماچ بکەی کە بە قەرز لێت بکڕن. پێشتر بە نەقد بوو. تورکەکە دەهات دەیگوت ئەو یەک دەفتەر (10 هەزار دۆلار) بەس بۆ من ئیش بکە، بەڵام ئێستا مەوادەکە زۆر بووە”.
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار و 600 تۆن زبڵ فڕێدەدرێت. هەولێر بە دوو هەزار و 400 تۆن زۆرترین و دهۆک بە هەزار تۆن کەمترین زبڵ و خاشاکیان لێ فڕێدەدرێت.
بەشێوەیەکی مامناوەند لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ساڵانە ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن زبڵ فڕێدەدرێت. شارەوانییەکان بۆ فڕیدانی ئەو زبڵە نزیکەی 72 ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن. تێچوویەک کە دەکرێ سێ تا چوار کارگەی ریسایکلینی پێ دروست بکرێت.