نوێنەری ئێران لە رێكخراوی ئۆپیك، رایگەیاند، وڵاتەكەی و عێراق و ڤەنزوێلا پێشنیاری زیاد كردنی بەرهەمی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ئۆپیكەوە رەت دەكەنەوە.
حسێن كازم پور ئەردەبیلی، نوێنەری ئێران لە ئۆپیك لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی بلۆمبێرگ، رایگەیاند: سعودیە و روسیا بە تەنها ناتوانن بڕیاری زیاد كردنی بەرهەمی نەوت بدەن و ئەگەر كارێكی لەو شێوەیە بكەن ئەوە رێككەوتنی نێوان وڵاتانی ئۆپیك پێشێل دەكەن.
نوێنەری ئێران دەڵێت: نەوت لە بازاڕدا كەم نیە و پێویستە وڵاتانی ئۆپیك تا كۆتایی ئەمساڵ پابەند بن بە بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، هەروەها داواشی لە ئەندامانی ئۆپیك كرد، شوێن دۆناڵد ترەمپ نەكەون كە سزای بەسەر وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا و روسیا سەپاندوە.