دابه‌زینى نرخى تمه‌ن و لیره‌ زیان به‌ بازرگانانی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت

ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ به‌های تمه‌نی ئێرانی و لیرەی تورکی ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ره‌و دابه‌زین ده‌ڕوات، دابه‌زینی به‌های ئه‌و دراوانه‌ش، زیان به‌ بازرگانانی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ دینار، ئه‌و دراوانه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ دینار نرخى دابه‌زیوه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ زیان بۆ بازرگانانى هه‌رێم ده‌شكێته‌وه‌.

بێستون قادر یه‌كێك له‌ بازرگانانی هه‌رێم و خاوه‌نی كۆمپانیای بناب وتی: ״ئێمه‌ زیاتر كاڵا و خوارده‌مه‌نی وه‌ك شیره‌مه‌نی و چپس هاوردە ده‌كه‌ین، مامه‌ڵه‌شمان به‌ دۆلاره‌، بۆیه‌ ئه‌م دابه‌زینی نرخه‌ سوودی نه‌بووه‌ بۆمان، بگره‌ هه‌ندێك جاری زیانمان پێده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نرخه‌كان له‌وێ به‌ دۆلارن و به‌رز ده‌بنه‌وه‌ گواستنه‌وه‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه‌״.

وتیشى: ״هه‌ندێكی كه‌م هه‌ن، مامه‌ڵه‌یان به‌ تمه‌ن و لیره‌ی توركییه‌، ئه‌وانه‌ زیانی گه‌وره‌یان پێ ده‌گات، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پێشتر مامه‌ڵه‌یان كردبێت و له‌م دۆخه‌دا پاره‌كه‌ی وه‌ربگرن״.

هه‌ر بازرگانێك كه‌ له‌ وڵاتانی توركیا و ئێران پرۆژه‌ی هه‌بێت له‌م دۆخه‌دا زیانی گه‌وره‌ی پێ ده‌گات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌ی وه‌ری ده‌گرێت ئه‌گه‌ر له‌وێ بیكات به‌ دۆلار یان بیهێنێته‌وه‌ و لێره‌ بیكات به‌ دینار، به‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌ زیان ده‌كات.

سیروان محه‌مه‌د ، سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی وتی: ״دابه‌زینی نرخی لیره‌ی توركی و ته‌مه‌نی ئێرانی سوودی نابێت بۆ بازرگانانی هه‌رێم بگره‌ له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه‌ زیانی بۆ بازرگانانی هه‌رێم ده‌بێت، چونكه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بازرگان و كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ دۆلاره‌״.

وتیشی: ״به‌تایبه‌ت بازرگانانی هه‌رێم له‌ كاتی هه‌نارده‌كردنی كاڵاكانیان بۆ ئێران و توركیا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، چونكه‌ له ‌لایه‌ك به ‌قه‌رز كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌فرۆشن، له ‌لایه‌كیش به‌های تمه‌ن و لیرە دابه‌زیوه‌، بۆیه‌ زیانی هه‌یه‌ بۆ بازرگانانی هه‌رێم، هه‌ربۆیه‌ هه‌نارده‌كردن كه‌می كردووه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ وڵاتی ئێران״.

ئه‌و بازرگانانه‌ى مامه‌ڵه‌یان به‌ لیره‌ و تمه‌ن كردووه‌ و تا ئێستا پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، به ‌هۆى دابزینى نرخى ئه‌و دراوانه‌وه‌ زیان ده‌كه‌ن.

ئه‌یاد حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی دهۆك ڕاگه‌یاند: ״تاوه‌كو نرخی تمه‌ن و لیره‌ی توركی جێگیر بێت بازاڕه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ جموجۆڵیان هه‌بێت بۆ ئێمه‌ باشتره‌، چونكه‌ بازرگانه‌كانمان سوودی لێ ده‌بینن، به‌ڵام به‌م دابه‌زینه‌ بازرگانی كورد زه‌ره‌ر ده‌كات״.

وتیشی: ״له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخه‌كان به‌ خێرایی گۆڕانكارییان به‌سه‌ر دێت، ناتوانین له‌ ئێستادا كاریگه‌ریی ئه‌و دابه‌زینه‌ له‌سه‌ر بازرگانیی هه‌رێم دیاری بكه‌ین، به‌ڵام بێگومان كاری گه‌وره‌ی ده‌بێت هه‌نارده‌ كه‌م ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی پاره‌كه‌ی ئه‌وان كه‌می كردووه‌، كۆمپانیاكانی ئێران و توركیاش بۆ گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان نرخ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یەیان كه‌ نرخه‌كه‌ی كه‌می كرده‌وه‌״.

ئاژانس