لە میانی سێ رۆژی رابردووی جەژنی رەمەزاندا، ھاوینەھەوارەکانی سنووری ھەورامان بە گشتی و ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا (نزیک ناحیەی خورماڵ لە ھەڵەبجە، بە دووری ٨٤ کیلۆمەتر رۆژھەڵاتی سلێمانی) بەتایبەت جمەیان دەھات لە گەشتیاری عەرەب، وەک بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکەش دەڵێن ژمارەی ئەمساڵی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا زۆر جیاواز بوو.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، سامان کەریم لەو بارەیەوە رایگەیاند “ئەمساڵ ئامادەکاری باشمان کرد بۆ ھاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا و بە ھاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری زۆرمان کرد تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتری گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن”.
سامان کەریم وتی: “لە میانی سێ رۆژی رابردووی رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران کە لە ناوچەکانی تری عێراقەوە ھاتبوون، سەردانی ھاوینەھەوارەکانی سنووری ھەورامان بەگشتی و ئەحمەد ئاوایان بەتایبەت کرد”.