كۆمپانیای نەوتی ئێران ئاشكرایكرد یەكەم بارە نەوتی كەركوك كە لە كۆگاكانی ئیلام بەتاڵ كراوە

بەڕێوەبەری ناوچەی ئیلامی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، ئەمڕۆ(یەكشەممە) بەتاڵكردنی یەكەم بارە نەوتی كەركوكی لە كۆگاكانی “دەڕەشار” لە پارێزگای ئیلام راگەیاند.

بەپێی میدیاكانی ئێران بەڕێوەبەری ناوچەی ئیلامی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، عەلی ئەسغەر چاغروەندی ئاشكرایكردوە كە یەكەم بارە نەوتی كەركوك كە لە كۆگاكانی “دەڕەشار”ی پارێزگای ئیلامی ئێران بەتاڵ كراوە، 670 هەزار لیتر نەوتی خاو بوە.

چاغروەندی ئاماژەی بەوەشداوە كە بارە نەوتەكە لە كەركوكەوە بە تانكەر و لە رێگەی مەرزی خوسرەوی-یەوە گەیەندراوە “دەڕەشار”.

ئاماژەی بەوەشداوە گواستنەوەی نەوت لە كەركوكەوە بۆ ئیلامی بەپێی رێككەوتنێكی نێوان وڵاتەكەی و عێراق لە قۆناغی یەكەمدا رۆژانە لەڕێی تانكەرەوە 30 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت و پێشبینی دەكرێت لە قۆناغی دوەمدا ئاستی گواستنەوەكە بگاتە 60 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.