حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە بۆ هەر فەرمانبەرێك ژمارەیەكی حسابی بكاتەوەو بانكی نێودەوڵەتیش تەئكیدیكردۆتەوە: كە پێویستە ڤیزا كارت یان ماستەر كارت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بكرێت.
بەپێی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچەو دەرماڵەو خانەنشینی، كە چاوەڕوان دەكرێت لەدوای جەژن پەرلەمانی كوردستان پەسەندی بكات، هەموو فەرمانبەرێك ژمارەیەكی حسابی بۆ دەكرێتەوە.
هۆشەنگ عەبدولڕەحمان راوێژكاری تەكنیكی بۆ تەكنۆلۆژیانی بانكەكان لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندوە: هەر كاتێك بایۆمەتری لیستێكی پوختی ژمارەی فەرمانبەرانی پێداین، لە بەرنامەماندایە نەك تەنیا بۆ فەرمانبەران، بەڵكو بۆ هاوڵاتیانیش ژمارەی حسابی بكەینەوەو هەموو ئامێرو پێداویستیەكیش ئامادەكراوە.
راشیگەیاند: بانكی نێودەوڵەتی رەتیكردۆتەوە كارتێكی تایبەت بۆ موچەی فەرمانبەران دروست بكرێت، بەڵكو پێویستە كارتەكە نێودەوڵەتی بێت، ئەویش ڤیزا كارت، یان ماستەر كارت بێت، كە لەقۆناغی دووەمداو بەهەماهەنگی بایۆمەتری دروست دەكرێت. وتیشی: سیستمی ئەلیكترۆنی بانكەكان ئامادەیەو مەرج نییە چاوەڕێ بكەین تاوەكو سەرجەم بانكەكان دەچنە ناو سیستمەكەوە، هەر كاتێك حكومەتی هەرێمو وەزارەتی دارایی فەرمان بكەن بەوەی كە ژمارە حسابی بۆ فەرمانبەران بكەینەوە، ئێمە ئامادەین.
ئەو راوێژكارەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە: دوای دروستكردنی كارتەكە، مانگانە مووچەی فەرمانبەران دەچێتەسەر حسابەكە، ئەوكاتە لەهەر بانكێكی كوردستان كە لەسەر سیستمەكە بێت، فەرمانبەران دەتوانن موچەكانیان وەربگرن.