بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارە رایگەیاند ، بەڵێنێكیان بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی دەروازەی سنووری تەوێڵە -شوشمێ وەرگرتووە و بەوتەی خۆی هەموو ئامادەكارییەكیشیان بۆ ئەو كارە كردووە.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارە راگەیاندوە ، حكومەتی عێراق بەڵێنێكی وەهای داوە كە دەروازەی سنووریی تەوێڵە-شووشمێ بە نێودەوڵەتی بكات ، ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان لەوبارەیەوە كردووە و ئومێد دەكەین دوای پشووەكانی جەژن ئەو كارە تەواو بكرێت ، چونكە بە نێودەوڵەتیكردنی دەروازەكە سوودێكی ئابووری زۆر بۆ ناوچەكە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێت.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارە، باسی لەوەش كرد ئێستا كە دەروازەكەیان نیمچە فەرمییە ، تەنیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوە دەكرێت. وتیشی “لەدوای بە نێودەوڵەتیكردنی بۆ هاتووچۆی گەشتیارانیش بەكار دەهێنرێ”.
دەروازی سنووری توێڵە-شوشمێ دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئێستا كە نیمچەفەرمییە رۆژانە نزیكەی 100ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتووچۆی لێوە دەكات.